بڕیارەکەی سەرۆك بارزانی، لەنێوان کۆمسیۆن و دادگای تەمیز یەکلایی دەبێتەوە
شوان شێخ ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، لە ١٩ی ٨ی ٢٠١٥ ماوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و دەبێ ٢٠- ٨ ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە بارزانی ئەرکە قانوونیەکەی خۆی جێبەجێ کردووە.
گوتیشی: بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، پێویستە ٦٠ رۆژ پێش وادەی تەواوبوونی ماوەی سەرۆک رۆژەکە لە لایەن سەرۆکی ھەرێم دیار بکرێت، بۆیە بارزانی فەرمانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دەرکردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو دوای ھەڵبژاردن بارزانی بەپێی یاسا دەتوانێت لەسەر کاری خۆی بەردەوام بێت.
گوتیشی: بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم لە ماددە ١٥ ئەوە خراوەتە روو کە تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت بۆ ماوەی دوو مانگ سەرۆکی ھەرێم دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانی خۆی، لە روی قانوونییەوە ھیچ کێشەیەک لە مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی نابێت.
سەبارەت بەوەی ھەندێک لایەن لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بڕیارەکەی بارزانی ھەیە، شوان شێخ ئەحمەد دەڵێ: لیژنەی دەستوور پێکھاتووە بۆ ئامادەکردنی دەستوور بۆ راپرسی، بەڵام لەو ماوەیە لیژنەکە ناتوانێت پرۆژەی دەستوور ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بۆشایی دەستووری دورست نەبێت، بۆیە سەرۆک بارزانی داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی کردووە.
پەرلەمانتارەکەی پارتی رەخنە لە پرۆژەکەی گۆڕان دەگرێت بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات: “گۆڕان ئارامی نەگرت، لە کاتێکدا ھەموو شتەکان لە ھەرێمی کوردستان بە سازان و رێککەوتن ئەنجام دراون، ئەوان بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کە لیژنەیەک بۆ دەستوور ھەیە، پرۆژەیان بڵاو کردووەتەوە”.
لای خۆیەوە بەسام عەلی مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سەلاحەددین-ھەولێر، راگەیاند، مەسعود بارزانی بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم بووەتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پابەندی ئەو یاسایەیە.
گوتیشی: پێویستە بەپێی ئەو رێوشوێنانەی لەنێو ئەو یاسایەدا دیاری کراون، ئامادەسازی بکرێت بۆ ھەڵبژاردن، وادەی سەرۆکایەتیی بارزانی لە ١٩- ٨ -٢٠١٥ تەواو دەبێت، بەپێی یاساکە دوو مانگ پێش تەواوبوونی وادەکە، لایەنی پێوەندار لە لایەن سەرۆکی ھەرێم ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بارزانیش ئەو کارەی بەپێی یاساکە کردووە.
بەسام عەلی گوتیشی: لە حاڵەتێکدا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و حکوومەت، وەڵامی نامەکەی مەسعود بارزانیان دایەوە کە ناتوانن لە ٢٠-٨ ھەڵبژاردن بکەن و وادەکەش تەواو بوو، لەم کاتەدا دادگای تەمیزی ھەرێمی کوردستان داوا لە بارزانی دەکات لە پۆستەکەی بەردەوام بێت تاوەکو بارودۆخی نەخوازراو ی ھەرێم کۆتایی دێت و دەتوانرێت ھەڵبژاردن بکرێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، نموونە بە پێشینەیەک دەھێنێتەوە کە لە سەردەمی پۆستی سەرکۆماریی جەلال تاڵەبانیدا رووی داوە. گوتی: “ئەم حاڵەتە پێشینەیەکی یاسایی لە عێراق ھەیە، مام جەلال لە مانگی ١ی ٢٠٠٥ بووە سەرکۆمار لە مانگی ١١ی ٢٠١٠ بۆ جاری دووەم بووەتەوە سەرکۆمار، ئەوەش زیاتر بوو لەو ٤ ساڵەی کە دیاری کرابوو، لەم کاتەدا دادگای دەستووریی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، داوای لە تاڵەبانی کرد لە پۆستەکە بەردەوام بێت، تاوەکو لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت رێک دەکەون و جارێکی تر دەبێتەوە سەرکۆمار، بۆیە ئەگەر لە ھەرێمی کوردستانیش ھەڵبژاردن نەکرا، دادگای تەمیز دەبێت ئەو کارە بکا.
پێشووتر ھەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاندبوو: بۆ ھەر ھەڵبژاردن و راپرسییەک پێویستیان بە نزیکەی ١٢ مانگ و ٦٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، ئەو بڕە پارەیەش دەبێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابینی بکات و پێوەندیی بە بەغداوە نابێت.
بەسام عەلی روونی دەکاتەوە ئەوەی بارزانی بڕیاری داوە، ئەوەشی کە دادگای تەمیز لە کاتی خۆیدا دەبێت بیکات بۆ ئەوەیە بۆشایی یاسایی لە کوردستان دروست نەبێت، چونکە ئەگەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەوجود نەبێت، ھیچ یاسایەک کە لە پەرلەمانی کوردستان دەردەچێت، ئیمزا ناکرێت و کاری پێ ناکرێت.
پێوەند بەم باسە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکدا گوتی: بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم دەرچووە. بەو پێیەی لە دوای تەواوبوونی ھەر ویلایەتێکی سەرۆکایەتیی ھەرێم، ماوەیەکی دیاریکراو ھەیە و یاسا ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەست ڕۆژدا، ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکات و پەرلەمان و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ئاگادار بکاتەوە. بۆیە سەرۆکی ھەرێم لە چوارچێوەی یاسادا ڕۆژی ھەڵبژاردنی دیاری کردووە”.
باسنیوز
