برایەکی مەلا کرێکار: دوای سەرۆك مسعود بارزانی ئەزموونی هەرێم شکستدێنێت
خالید رەنجدەر، برای مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی رێکخراوی ئەنسارولئیسلام لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، “ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان بکەین دەبینین، پارتە سیاسییەکان ھیچ ئامادەکارییەکیان تێدانیە بۆ رێککەوتن و ھیچ پرۆژەیەکی سیاسی و نەتەوەیی ھاوبەشیان پێ نییە، من لەو بڕوایەدام کەناشتوانن لەسەر بەدیلی مەسعود بارزانیش رێکبکەون”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە، کە ئامانج لەھەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمان، بۆ خستنی بارزانییە، ”من پێموایە دوای بارزانی پارتە سیاسییەکانی ھەرێم بەدیلیان نابێت و لەسەر بەدیلێکیش ھەرگیز رێکناکەون”.
خالید رەنجدەر دڵیایە لەوەی “دوای بارزانی ئەزمونی ھەرێم شکست دەھێنێت و دەستی دەرەکی کوردستان دەشێوێنێت، بارزانی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ناسراوەو گوێی بۆ دەگیرێت، لەناوخۆی عێراق و ناوچەکەشدا بەشێوەیەکی ھاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەکات”.
رەنجدەر هەروەها نووسیویەتی ئەگەر لەرۆژی 20ـی ئاب لەکوردستان بێت، ”دەچمە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بەبارزانی دەدەم، من لەناو حزبەکانی ھەرێمدا بەدیلی بارزانی بەدی ناکەم”.
رۆژی 13ـی حوزەیران، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەفەرمانی ھەرێمیی ژمارە 91ـی ساڵی 2015، پاڵپشت بەیاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ـی ھەموارکراو، بڕیاریدا ھەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەرۆژی 20ـی ئابی 2015 ئەنجامبدرێت.
باسنیوز
