فازڵ میرانی: پێویستە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهێز بکرێت

فازڵ میرانی: پێویستە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهێز بکرێت
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە پێشوازی شاندی چوار حزبی کوردستانیدا ڕایگەیاند کە، هاوهەڵوێستی و یەکڕیزی نێوان خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم زۆر گرینگە بەرامبەر بەو تەحدیانەی کە هەن، لای خۆیشیەوە (محەمەد حاجی مەحموود) بە ناوی شاندی چوار حزبەوە دەستخۆشی لە مەکتەبی سیاسیی پارتی و هیزەکانی پێشمەرگە کرد.

ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا (فازڵ میرانی) پێشوازی لە شاندی چوار حزبی کوردستانی کرد کە پێک هاتبوون لە
یەکەم/ حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان؛
دووەم/ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان؛
سێیەم/ حزبی شیوعی کوردستان؛
چوارەم/ پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران.
لە دیدارێکدا کە (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەمەد) و (جەعفەر ئێمینکی) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و (ڕەمزی شەعبان) ئەندامی یەدەکی مەکتەبی سیاسی و (ئەحمەد کانی) ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پیوەندی عێراقی و نیشتمانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەمدیدارە و جۆرە کۆبوونەوانە و بە هەنگاوێکی گرینگی لەم بارودۆخ و هەلومەرجەی ئیستادا ناو برد.
(میرانی) باسی ڕەوشی ئیستای هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و ڕایگەیاند کە بارودۆخەکە وادەخوازێت کە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی خەڵک و گشت لاینە سیاسییەکان بەرامبەر ئەو تەحدیانە بەهێز بکرێت تا کارێکی وەها هاوبەش بکەین کە خاڵە هاوبەشەکان زیاتر بکەین و بیکەینە بەرنامەی هاوبەش و ئەو خاڵانەی کە جیاوازیشین کە زۆر کەمن کەمی بکەینەوە و بەیەک بگەین.
پاشان (محەمەدی حاجی مەحموود) بە ناوی شاندی هەرچوار حزبەوە سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیان کراوە؛ تەئکیدی کردەوە کە یەکڕیزی گەلەکەمان دەبێتە هۆی بەدیهینانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەستخۆشیشی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆ ئەو قارەمانێتیەی بەرامبەر بە تیرۆریستانی داعش دەینوێنن.
هەروەها (محەمەد حاجی مەحموود) سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئەمەریکا و ئەورووپای زۆر بە گرینگ و کاریگەر وەسف کرد و لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمدا سەردانەکە بووە هۆی بەهیزکردنی پیگەی کورد.
دواتر تەکیدیشی کرد کە بوونی دەستوور زۆر گرینگە بۆ وڕتەکەمان کە مافەکانی تاکی تیدا پارێزراو دەبێ.
دواتر هەردوو لا پیرۆزبایییان لە گەلانی تورکیا کرد بەتایبەت لە کورد بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە.
Top