ڕێگەی سەربەخۆبوون بۆ كورد كرایەوە

ڕێگەی سەربەخۆبوون بۆ كورد كرایەوە
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان كاكەمین نەجاڕ دەڵێ: كورد وەك نەتەوەیەك ساڵانێكە خەون و خۆزگەی ڕۆڵەكانی ئەوە بووە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ، ئازادی و سەربەخۆییش مافێكی ڕەوای هەر نەتەوەیەكە كە بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە و بونیادنانی وڵاتەكەی خەباتی ڕەوای بۆ بكات.
ئەگەر جاران ئەوەیان تەنیا خەونێك بووبێت، بەڵام ئێستا لەوە دەچێت، ئاماژەكان ئەوە بگەیەنن كە كورد لە هەموو كاتێك زیاتر لە بەدیهێنانی ئەو خەونە ڕەوایە نزیك بووەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەمانە و هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی و ناوچەكەش گرێ كوێرەكانی سەربەخۆبوونی كوردی بە تەواوی كردووەتەوە.

كاكەمین نەجاڕ هەروەها دەڵێ: كورد ئێستا لە بەردەم گۆڕانێكی زۆر گەورەدایە كە ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قورستر دەكات، لە سەرووی ئەو ئەركە قورسانەش خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی داهاتوو كە هاوتەریبە لەگەڵ داخوازی سەربەخۆیی. لێرەدا دەبێت بە حكومەت و پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە هەوڵی ئەوە بدەن كە ئەرزییەتێك دروست بكەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاواتە لەمێژینەیە، لەو هەنگاوە هەرە گرنگانەش مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم و دووبارەكردنەوەی ئەو پرسە بە بەرنامەیەكی تۆكمەیە و هاوكات یەكلاكردنەوەی پرسی دەستوورە، ئەوانە هەمووی بە لایەك، خەمخۆری بۆ ڕیفراندۆم بە لایەكی تر، كە دەبێتە بناخەیەكی گرنگ بۆ پڕۆسەی ڕاپرسی لە كوردستان و دانانی نەخشەڕێگەی داهاتوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یەكگرتنی گوتاری كوردی، كە قورسایی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر سەنگینتر دەكات.

شايانى باسه نەجاڕ دەڵێ: ناكرێت نكۆڵی لەو ڕاستییە بكرێت، كە ئەمڕۆ كوردستان بووە بە سەنتەرێكی زۆر بەرچاو بۆ لەباوەشگرتنی هەزاران ئاوارە، بەبێ جیاوازی بیر و باوەڕ و ئایین، ئەمەش بووە بە مایەی ئەوەی كە هەموو دنیا بەڕێزتر لە كوردستان بڕوانن. هەروەها لە ئێستادا كوردستان مینبەرێكی زۆر بەرچاوە بۆ پیادەكردنی دیموكراسییەت، ئەمەش هەلێكی گونجاوی دەستەبەركردووە بۆ ئازادی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ. بۆیە ئەركی سەرەكیی هەموو لایەنە سیاسییەكانە پشتیوانی لە سەرۆك بارزانی و پەیامی سەربەخۆبوون بكەن.

لە كۆتایی بابەتەكەیدا كاكەمین دەڵێ: سەرۆك بارزانی لەم ماوەیەدا هەوڵەكانی زۆر چڕتر كردووەتەوە بۆ قووڵكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتان و ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەش بووە بە مایەی سڕینەوەی نائومێدی بۆ تاكی كورد. دیارە شەڕی تیرۆر و تیرۆریستان و بانگەشەی ڕاستگۆیانەی كورد بۆ بنبڕكردنی تیرۆر لە جیهان، بووە مایەی ئەوەی كە هەموو وڵاتان لە دەوری كورد كۆببنەوە، بە كردەوەش بۆ بنبڕكردنی تیرۆر هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكەن. بۆیە زۆر زیاتر لە جاران و وڵاتە دەسەڵاتدارەكان بە ئاشكرا و بێ پەردە و راشكاوانەتر پشتیوانی لە مەسەلەی سەربەخۆبوونی كورد دەكەن. چونكە دەركەوت كە كورد سەرقافڵەیە بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش، كە بووەتە زەنگێكی خەتەرناك لە هەموو دنیا، كوردیش ئەو شەرەفەی پێبڕاوە ئەمڕۆ سەركردایەتی ئەو هەنگاوە بكات كە لە جیاتی دنیا وەهمی داعش لە جیهاندا پووچەڵ بكاتەوە.





بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1029)
Top