ئێران پەیامێک بۆ کورد و شیعە دەنێرێ

ئێران پەیامێک بۆ کورد و شیعە دەنێرێ
به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای كردووه‌، هاوپه‌یمانیی كورد و شیعه‌، به‌رده‌وام بێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وا بڕیاره‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا، فوئاد مه‌عسوم سه‌ركۆماری عێراق به‌ سه‌ردانێك بگاته‌ هه‌ولێر و چاوی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ش كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ئۆفیسی سه‌ركۆماری عێراق رايگەیاند، سه‌ردانی سه‌ركۆمار بۆ لای بارزانی، سه‌ردانێكی سیاسییه‌ و فوئاد مه‌عسوم نامه‌یه‌كی عه‌بادی بۆ بارزانی ده‌هێنێت، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دایه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ماوه‌یه‌كه‌ گفتوگۆیه‌ك له‌نێو هاوپه‌یمانیی شیعه‌دا هه‌یه‌، بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و پرسی بودجه‌ و نه‌وت و پێشمه‌رگه‌.

ئاشكراشی كرد، كه‌ له‌ دواسه‌ردانیدا بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، فوئاد مه‌عسوم داوای لێ كراوه‌، ڕۆڵێكی تایبه‌ت بگێڕێت له‌ نێوه‌ندگیریی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ روونی كرده‌وه‌، عه‌بادی چه‌ند چاره‌سه‌رێكی بۆ ئه‌و كێشانه‌ پێشنیار كردووه‌ و بڕیاره‌ مه‌عسوم ئه‌و رێكارانه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باس بكات.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق (لیستی پارتی) ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و راگه‌یاند،: د.فوئاد مه‌عسوم سه‌ركۆماری عێراق، په‌یامێك بۆ سه‌رۆك بارزانی ده‌هێنێت و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا له‌میانی سه‌ردانێكیدا بۆ هه‌ولێر، ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێ.

دوایین سه‌ردانی ره‌سمیی سه‌ركۆماری عێراق بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاداری 2015 بوو.

ئه‌شواق جاف گوتیشی: ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادی بۆ سه‌رۆك بارزانی ده‌هێندرێت، بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و ره‌واندنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌ و نازانم په‌یامه‌كه‌ زاره‌كی ده‌بێت یاخود به‌ نووسراو.

به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، شاندێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌ شاری سلێمانی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی كۆ ده‌بنه‌وه‌ و مه‌به‌ستیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، به‌هێزكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوان و كورد و شیعه‌یه‌ و به‌شێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ش، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن، به‌ پیشاندانی نیازپاكیی هه‌رێمی كوردستان له‌

ئه‌نجامدانی راپرسی و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی، له‌ تاران ده‌بن.

سه‌رچاوه‌كه‌ گوتیشی: ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و دیدارانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش له‌ سلێمانی، به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندیی به‌و پرۆسه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.









باسنیوز
Top