نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی كۆ بووەوە
دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ 8/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان سەردانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسان و كارگێڕان و ئەندامانی لقەكانی سنووری ئەنجومەنی سەركرایەتی سلێمانی پارتی كە لە هەریەك لە لقەكانی چوار و یازد و دوازدە و بیست و یەك پێكدێ ، ڕەوش و پێشهاتەكانی ئەمڕۆی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خرایە بەر باس و تاوتوێ كرا كە پێشمەرگە ڕۆڵێكی قارەمانانە تێیدا دەگێڕێت و بەرەنگاری دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆر و تاریكی لە جیهان دەبێتەوە.
هەروەها تیشك خرایە سەر ڕۆڵی ئەندامان و كادیران و ڕێكخستنەكانی حزب لە بەرزكردنەوەی گیانی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە قوناغی ئێستادا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕێز و پێزانینی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بۆ ئەندامان و كادیران و بەرپرسانی حزب لە سنووری پارێزگای سلێمانی دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بەرپرسانی لقەكانی سنووری ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی چەندین سەرنج و تێبینیان دەربارەی كار و ئەركی حزبایەتی لە سنووری ناوچەكە و ئەو كێشانەی كە دێنە بەردەم كار و چاڵاكییەكانیان و چۆنییەتی چارەكردنیان، بۆ جێگری سەرۆكی پارتی خستەڕوو و هەروەها میكانزمی چارەكردنی كێشەكان و زیاتر بەرەوپێشبردنی كاری حزبایەتی و ڕێكخستنەكانی پارتی لە ناوچەكە، تاوتوێ كرا.
