ئامانجی زۆربەی شۆڕشەكان بۆ سەربەخۆییە، سەربەخۆیی كوردستانیش پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە

ئامانجی زۆربەی شۆڕشەكان بۆ سەربەخۆییە، سەربەخۆیی كوردستانیش پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر جیرالد هۆرن سەرۆكی بەشی مێژوو لە زانكۆی هۆستن بۆ گوتى: ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە لەسەر شۆڕش بكەین، ئەوا شۆڕش پێكدادانی چینەكان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شۆڕشی هایتییەكان لە نێوان ساڵانی 1791 بۆ 1804 (شۆڕشی هایتییە كۆیلەكان لە موستەعمەرەی فەڕەنسی لە سان دۆمینگۆ) كە بریتی بوو لە شۆڕشی كۆیلە ئەفریقییەكان دژی خاوەن كۆیلەكان- كە كۆڵۆنیاڵییە فەڕەنسیەكان بوون-، لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەشدا حوكمڕانی وڵاتەكە گۆڕا. واتە ئەوانەی پێشتر كۆیلە بوون، بوونە حوكمڕان و ئەوانەی خاوەن كۆیلە بوون، یان دەبوو واقیعە نوێیەكە قبووڵ بكەن، یاخود وڵات جێبهێڵن، كە زۆربەیان ئەم كارەیان كرد و بەرەو فەڕەنسا و ئەمریكا و كوبا و.

جیرالد هۆرن هەروەها گوتی: ئەگەر لە كوبا بڕوانیت، ئەوا نزیكەی هەموو چینەكان لەلایەن ڕژێمە كۆڵۆنیاڵییە نوێیەكەوە كە لەلایەن هێزە دەرەكییەكانی ئەمریكا پاڵپشتی دەكرا، سەركوت دەكران. ئەگەر لە شۆڕشی هایتییەكان بڕوانیت، ئەوا كۆیلە ئەفریقییەكان سەركوت دەكران لەلایەن خاوەن كۆیلەكانەوە كە فەڕەنسییەكان پشتیوانییان دەكردن. كەواتە بە دڵنیاییەوە شۆڕش نەك هەر زۆرجار تەنها نابێتە هۆی ئەوەی چینێك جێی چینێكی دیكە بگرێتەوە، بەڵكو سەربەخۆییش لەخۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی چیتر ئەو نەتەوەییە نایەوێت لەلایەن نەتەوەیەكی دیكەوە حوكمڕانی بكرێت، هیندستان لە ساڵی 1947دا چیتر نەیویست لەلایەن لەندەنەوە حوكمڕانی بكرێت. لە ڕاستیدا زۆرێك لە شۆڕشەكان كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ڕوویاندا، لە دوای ساڵی 1945ـەوە سەربەخۆییان بە ئامانج دەگرت.

شايانى باسه هۆرن هەروەها گوتی: من لە خەباتی كورد تێدەگەم و هاوسۆزم لەگەڵیاندا، بەتایبەتی بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و لە كۆبانێ بەدەستیان هێنا. هەروەها هاوسۆزم لەگەڵ ئەو كوردانەی دووچاری نائومێدی هاتن لە ئیدارەدانی كورد لە توركیادا، لەسایەی ئەم كەشە هاوكارییەدا باش تێدەگەین كە بۆچی كورد – بەتایبەتی لەو بەشەی جیهاندا - هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەدەن. من هیوادارم كورد لە هەوڵیاندا بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیى.

لە كۆتایی قسەكانیدا جیرالد گوتی: پێموایە شۆڕشی تەكنەلۆجیای ئەم ڕۆژگارە پێوەندی بەستنی ئاسان كردووە و ئێوە لە هەولێر و من لە ئەمریكا پێكەوە قسە دەكەین. چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەمە مومكین نەبوو. ئاشكرایە شۆڕشی تەكنەلۆجی كاریگەریی گرنگی لێدەكەوێتەوە و لە ڕووی دروستكردنی پێوەندی و بڕینی سنوورە نەتەوەییەكان و گواستنەوەی ئایدیاكان بەو سنوورانەدا. خاڵی دووەم ئەوەیە شۆڕشی تەكنەلۆجیا بەتایبەتی هاتنەئارای رۆبۆت و كاریگەرییەكەی لەسەر بێكاركردن، ئەگەری ئەوەی هەیە كاریگەری ڕیشەیی هەبێت لەسەر چینی كرێكاران لە زۆرێك لە وڵاتاندا، لەبەر ئەوەی چینی كرێكاران دەبینین ڕۆبۆت كارەكانی ئەوان ئەنجام دەدات و ئەوانیش ناچار دەكات لە كاركردن ڕابوەستن، بەڵام زۆرجار خەڵكی لە بری ڕاوەستان لە كاركردن شەڕ دەكەن و لە سایەی شۆڕشدا ئەو كارە دەكەن، كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە شۆڕشی تەكنەلۆجی خۆی سەربكێشێت بۆ شۆڕش.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1029)
Top