راستە پێشمەرگە تەنیا هێزە لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعشی تێكشاندووە، بەڵام پێشبینیكردن بۆ ئایندەی ناوچەكە كارێكی ئاسان نییە

راستە پێشمەرگە تەنیا هێزە لەسەر زەوی تیرۆریستانی داعشی تێكشاندووە، بەڵام پێشبینیكردن بۆ ئایندەی ناوچەكە كارێكی ئاسان نییە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر تۆبیاس بۆهیلمت لە زانكۆی ئیسكسی بەریتانی بۆ گوتى: ئەو سیستمی دەوڵەتەی ئێستا لە ئارادایە كەم تا زۆر لەسەر سیستمی ویستفاڵیا داڕێژراوە لە سەدەی حەڤدەدا، كە لەسەر بنەمای خاك و نەتەوە- دەوڵەتی نەتەوەیی- و بوونی حكومەتێكی كەم تا زۆر بەتوانا بۆ حوكمڕانیكردنی نەتەوەكە و ئەو خاكەی كۆنتڕۆڵی دەكات، بەڵام پەرەسەندنە جیهانییەكانی ئەم دواییە بەتایبەتی لە ڕوانگەی ئەمنییەوە، وەك یاخیبوون و تیرۆریزم تەحەددی زیاتر و زیاترن بۆ كۆنتڕۆڵی حكومەت. كە گرێدەدرێنەوە بەو دەوڵەتانەی توانایەكی لاوازیان هەیە، یان دەوڵەتە شكستخواردووەكانەوە. سەرنجەكەی دیكەتان كە پەیوەستە بە دیموكراسیەتی رۆژئاوا، یان دەوڵەتە رۆژئاواییەكانەوە كە بێتوانان لە چارەسەركردنی ئەم پرسانە، سەرنجێكی تەواو ڕاست و دروست نییە، یاخود نابێت هەموو سیاسەتەكان بخرێنە ئەم خانەیەوە.



تۆبیاس بۆهیلمت هەروەها گوتی: ئەگەر بە وردی لە بەڵگەكان بڕوانین، ئەوا بە دەگمەن ئاماژەیەك بەدی دەكەین بۆ پێكدادانی شارستانییەتەكان. ڕاستە لایەنی ئایینی و شارستانی لە ئارادان، بەڵام ئەمە پێوەندییەكی زیاتری بە ناكۆكییە تەقلیدییەكان، یاخود ناكۆكییەكانی نێوان دەوڵەتانەوە نییە، بەڵكو پتر پێوەندی بە ناكۆكیی ناوخۆیی، یان شەڕی ناوخۆییەوە هەیە. زۆرجار ئاماژە بەوە دەكرێت كە ناكۆكییەكان پێوەندییان بە هۆكارە شارستانییەكانەوە هەیە و باس لە داگیركردنی عێراق دەكرێت لە ساڵی 2003دا لەلایەن ئەمریكاوە. هەروەها ناكۆكییەكانی دیكە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لە پێوەندی بە داعشەوە باس لە هۆكاری ئایینی دەكرێت. بە زۆری حاڵەتەكە ئەوەیە كە ئەوانە هۆكاری ڕواڵەتین و زیاتر هۆكارە بنەڕەتی و تەقلیدییەكان ڕۆڵیان هەیە، وەك دەست بەسەرداگرتنی خاك و سیاسەتی حكومەت، كە ئەمانە بە دەگمەن گرێدەدرێنەوە بە ئایین، یان شارستانیەتێكی دیاریكراوەوە.

شايانى باسه بۆهیلمت هەروەها گوتی: دەڵێم دەست بەسەرداگرتنی بەشێك لە خاكی سووریا و عێراق بە مانای ئەوە نییە داعش دەوڵەت بێت و ئەمە تەنها كۆنتڕۆڵكردنی خاكە و ئەو بارودۆخەش یارمەتیدەر بوو كە لە هەردوو ئەو دوو وڵاتەدا (سووریا و عێراق) لەئارادا بوون. كە حكومەتەكان دووچاری دژواری بوونەوە لە كۆنتڕۆڵی خاكدا، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، هەروەها بەهۆی بارودۆخی دوای شەڕ لە عێراقدا. كەواتە داعش سوودی لە بارودۆخەكە وەرگرت و بە هیچ شێوەیەك مەسەلەكە ئەوە نییە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن. پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ئەمە بەردەوام دەبێت؟ لە ڕاستیدا لەگەڵ دامەزراندنی ئەوەی پێی دەڵێن دەوڵەتەكەی داعش، ئەوا زۆر زۆر زەحمەتە پێشبینی بكەین.


لە كۆتایی قسەكانیدا تۆبیاس گوتی: پێشمەرگە تاكە هێزێكی زەمینییە توانیبێتی ڕووبەڕووی هەڕەشەی داعش ببێتەوە، ئەمەمان لە كۆبانێ و كوردستانی عێراق بەدی كرد چەند مانگێگ پێش ئێستا، هەروەها بەم دواییە لە چەند شوێنێكی عێراق و سووریا دووبارە سەركەوتنەكانیان دووبارە بووەوە، بۆیە وێڕای ئەم راستییانەش پێشبینی كردن لەسەر پرسێكی لەمجۆرە ئاسان نییە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1029)
Top