داعش لە قەرەتەپە 2 هاووڵاتی دەكوژن ‌و 2ی دیكەش دەڕفێنن

داعش لە قەرەتەپە 2 هاووڵاتی دەكوژن ‌و 2ی دیكەش دەڕفێنن
ئەندامێكی ئەنجومەنی شارەوانی شارەدێی قەرەتەپە كوژرانی 2 هاووڵاتی‌و رفاندنی 2 هاوڵاتی دیكەی لەسنوری شارەدێی قەرەتەپە لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق ‌و شام (داعش)ەوە راگەیاند.

“سەڵاحەدین بابان” ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی قەرەتەپە راگەیاند : شەوی رابردوو، 5 چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق ‌و شام (داعش) هاتوونەتە ناو شارەدێی قەرەتەپە و تەقەیان لە ماڵەكانی خوارووی شارەدێیەكە كردووە و دواتر هەڵاتوون”.

هەروەها گوتی “لەكاتی هاتنیاندا بۆ ناو شارەدێیەكە بۆمبێكیان داناوەتەوە و دواتر بەهێزێكی “حەشد شەعبی”دا تەقیوەتەوە و بە هۆیەوە چەكدارێكیان كوژراوە و چەكدارێكی دیكەش بریندار بوون”.

رونیشی كردەوە “دواتر بە نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە خوارووی شارەدێكە بازگەیەكی وەهمیان داناوە و 2 هاووڵاتی شیعە مەزهەبیان كوشتووە و 2 هاووڵاتی دیكەشیان رفاندووە و تا ئێستەش تەرمی كوژراوەكان نەگەڕێنراوەتەوە بۆ شارەدێیەكە”.

شارەدێی قەرەتەپە دەكەوێتە 15 كیلۆمەتر باشووری قەزای كفری و لە 36 گوند پێكهاتووە و دانیشتوانەكەی لە كورد ‌و عەرەب ‌و توركمان ‌و شیعە و سوننە پێكهاتوون، لەڕووی ئیداریەوە سەربەپارێزگای دیالەیەو یەكێكە لەناوچە جێ ناكۆكەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.











(باسنیوز)
Top