گەرمیان: لە ماوەی پێنج مانگ 23 كەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە
لەوبارەیەوە بەرێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان، نەقیب كارزان مەجید، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: بە پێی ئامارەكانی پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵی 2015 لە سنووری گەرمیان 144 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆی ئەو رووداوانەوە 23 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە كە 16 كەسیان لە رەگەزی نێر و حەوتی كەسی دیكەشیان ئافرەت و كچ بوون.
نەقیب كارزان وتیشی، هەر بەهۆی رووداوەكانەوە 240 كەسی دیكەش برینداربوون كە برینی هەندێكیان سەخت بوون. هاوكات جگە لە زیانە گیانییەكان، زیانێكی ماددی زۆر لە دەرئەنجامی رووداوەكان كەوتونەتەوە.
روونیشیكردەوە: ئەو رووداوانە بەهۆی پێكدادان و شێلان و وەرگەڕانی 244 ئۆتۆمبیلەوە دروستبوون و هۆكاری رووداوەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ بوونی لۆدێكی زۆر لەسەر جادەكانی گەرمیان ئەمەش بەهۆی هاتنی ئاوارەوە، خراپی رێگاوبانەكان، هەروەها پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەكانیش هۆكارێكی دیكە بووە.
