وەزیری دەرەوەی بەلجیكا سەردانی هەولێر بكات

وەزیری دەرەوەی بەلجیكا سەردانی هەولێر بكات
بڕیارە دیدیەر رەیەندێر، وەزیری دەرەوەی بەلجیكا، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بە سەردانێكی فەرمی بگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاند كە بڕیارە لە سەردانەكەی دا بۆ هەرێمی كوردستان؛ وەزیری دەرەوەی بەلجیكا وێرای دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی هێزەكانی پێشمەرگە بكات و لە رەوشی هێڵەكانی بەرگری لەگەڵ داعش بكۆڵێتەوە.

ئاژگەیی راشیگەیاند، كە وەزیری دەرەوەی بەلجیكا پێش سەردانەكەی بۆ هەولێر سەردانی ئوردن دەكا و لەوێ چاوی بە شا عەبدوڵڵای کوڕی حوسێن پادشای ئەو وڵاتە دەكەوێت و هێزە ئاسمانییەكانی بەلجیكاش لەو وڵاتە بەسەر دەکاتەوە بەسەر دەكاتەوە.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندوە، كە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی بەلجیكا تەنیا بۆ هەولێر دەبێت و بەرنامەی سەردانەکەی بەغدای پایتەختی عێراق لە خۆ ناگرێت.
دیدەر رەیندێر، سیاسەتڤانێکی بەناودەنگی بەلجیکایە، پێشتر جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بووە، لە ساڵی 2011 بەدواوە بووەتە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. لەدایکبووی سالێ 1958 و لە حیزبی بزووتنەوەی ریفۆرمخوازە.




















باسنیوز
Top