هەڵەی پزیشکی گیانی گەنجێکی کوردی ئەستاند

هەڵەی پزیشکی گیانی گەنجێکی کوردی ئەستاند
بەپێی زانیارییەکانی باسنیوز گەنجێکی کوردی خەڵکی ناوچەی “شامات”ی سەر بە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەخۆشخانەی شاری مەراغە بەهۆی لێدانی دەرزی گیانی لەدەست داوە.

ئەو گەنجە کوردە ناوی “زانیار رادوەند” و تەمەن 20 ساڵ بووە و پاش ئەوەی کە تووشی زگچوون و نەخۆشیی گەدە دەبێت دەبرێتە نەخۆشخانەی “عەباسی”ی شاری میاندواو.

پاش ئەوەی ئەو گەنجە لەنەخۆشخانەی عەباسی چارەسەری پێویست وەرناگرێت سەردانی پزیشکەکانی شاری مەراغە لە پارێزگای تەورێز دەکات و دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.

بە گوتەی برایەکی زانیار ئەو بە هیندێ دەرزی و دەوا حەساسیەتی هەبووە و هەمیشەش نووسراوەی تایبەتی بەو عیلاجانە لە گیرفانیدا بووە و سەرەڕای ئاگادار کردنەوەی پزیشکەکان، بەڵام ئەوان دەرزیی لێدەدەن.

ئەو هاووڵاتییە گوتوویەتی کاتێک ئەو دەرزییەیان لە زانیار دا رەنگی سپی هەڵگەڕا و تووشی تەنگە نەفەسی هات و دواتریش دڵی لە لێدان کەوت.

دەگوترێت نەخۆشخانەی شاری مەراغە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو گەنجەی بۆ نەخۆشی دڵی گەڕاندووەتەوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەکەی دەڵێن کوڕەکەیان نەخۆشی دڵی نەبووە.






























باسنيوز
Top