پەرلەمانتارێك: عەبادی پەرۆشی ئەوەیە رێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکات
دکتۆر عەرەفات کەرەم ستونی، پەرلەمانتاری کورد لەپەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە، رایگەیاند: عەبادی پەرۆشی ئەوەیە رێککەوتنەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام بارودۆخەکە ئێستا زۆر ئاڵۆزبووە و دەسەڵات لەدەستی عەبادی دەرچووە، ئەوەی خاوەن دەسەڵاتە مالیکی و عەسائیبی ئەهلی هەقن، پارەی عێراقیش بەشێکی بۆ سوپایە و ئەوەی دیکەش دەدرێتە حەشدی شەعبی، ئەگەر بەغداش پارە بۆ هەولێر نەنێرێت کورد سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت، ئەمەش کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا قوڵتر دەکاتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: دوای قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، کە زۆر روون و تووندبوون، عەبادی گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی، کە کورد جددییە لەهەڕەشەی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی دەکات، بڕیاری ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتی خۆی سەربەخۆ بدات، کە ئەمەش ئیحراجی زۆر بۆ حکومەتەکەی عەبادی دروستدەکات، تاڕادەی هەڵوەشانەوە، لەبەرئەوە عەبادی پەرۆشە رێککەوتنە نەوتییەکە جێبەجێ بکات و لەسەر دەستی ئەو لە نێوان کورد و بەغدا کار لەکار نەترازێت".
روداو
