حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە
بەڕێز د. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال لە میانەی دیدارێكی تایبەتی تەلەڤزیۆنی (ئەلعیراقیە) لە بەرواری 29 مایسی ساڵی 2015، باسی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كردووە، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی لە ڕێگای ئەم بەیاننامەیەوە ئەم ڕاستیانەی خوارەوە بۆ هەموو لایەك ڕوون بكاتەوە:
1. بەرێز سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە میانەی دیدارەكەدا باس لەوە دەكات كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 ەوە مووچەی هەرێمیان ناردووە و دەیەوێت وا لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت كە حكوومەتی فیدراڵ مووچەكانیانی ناردووە، بەڵام ئەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ڕێگرە لەوەی ئەوان مووچەكانی خۆیان وەربگرن، لە كاتێكدا هەموو لایەك دەزانن كە كۆی گشتیی یەك مانگی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 850 ملیار دینارە و ئەوەی حكوومەتی فیدراڵ لە ماوەی پێشوودا ڕەوانەی هەرێمی كردووە، لە هیچ كاتێكدا نەگەیشتۆتە نیوەی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ پێدانی مووچەی یەك مانگی هەرێم پێویستە، بەم شێوەیە:
بە هەردوو مانگی 11 و 12 ی ساڵی 2014، تەنها یەك ملیار دۆلاریان ناردووە، لە كاتێكدا وا بڕیار بوو كە بۆ هەر مانگێك لە مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2014 بڕی (پێنج سەد ملیۆن دۆلار) ڕەوانە بكەن، بۆ مانگی 1ی ساڵی 2015 تەنها بڕی 250 ملیار دینار، بۆ مانگی 2 تەنها بڕی 491 ملیار دینار، بۆ مانگی 3 تەنها بڕی 527 ملیار دیناریان ڕەوانە كردووە و لە مانگی 4یشدا تەنها بڕی 488 ملیار دیناریان ناردووه، ئهویش دوای بڕینی 10%.
2. بۆ هەردوو مانگی نیسان و مایسی ئەمساڵ هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بە هەناردەكردنی ڕۆژانەی بڕی پێویستی نەوت بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2015 و بەیاننامە فەرمییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ وەك لایەنی پەیوەندیدار لە هەردوو مانگی نیسان و مایسی ساڵی 2015 سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، لە بەرامبەردا حكوومەتی فیدرال پابەند نەبووە بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە شایستەكانی پێشمەرگەوە دەبوایە مانگانە بڕی یەك ترلیۆن و 333 ملیار دیناریان ڕەوانەی هەرێم بكردایە بەپێی خشتەی هەژماركردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە هاوپێچی یاسای بودجەی فیدڕاڵە بۆ ساڵی 2015.
3. لە میانەی ئەو دیدارە تەلەڤزیۆنییەدا، بەڕێزیان باس لەو بارقورسییە زۆرەی كەوتووەتە ئەستۆی داراییی هەرێمی كوردستان ناكات، كە بەهۆی شەڕی دژی تیرۆر و بوونی زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار ئاوارە و پەنابەرهوه، ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، سەرەڕای نەناردنی هیچ بەشە بوودجەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2005ەوە، لە كاتێكدا هەرێم هەموو ساڵێك بە ڕێژەی 17% بەشداریی خەرجییەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراق بووە لە خەرجی سیادی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 كە لە بەیاننامەی داراییدا بۆ ساڵی 2014 بە بڕی 16 ترلیۆن دینار دەست نیشان كراوە و لە بەردەم پەرلەمانی عێراقیشدا جێگیر كرا.
سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەسەر بەردەوامبوون بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسەكان لە ڕێگەی گفتوگۆكردن و دانوستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2015ی عیراقی فیدرالدا.
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
٣-٦-٢٠١٥
