مه‌كته‌بی سیاسی (پ.د.ك) به‌یاننامه‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز بڵاوده‌كاته‌وه
له بیره‌وه‌ری (39)یه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز، گه‌رمترین پیرۆزبایی له ئه‌ندامان و لایهنگرودۆستان، له ئۆرگان و ده‌زگاو ناوه‌ند و رێكخراوه‌كان، له گشت گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی هێزه دلێرو خۆراگرهكانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانی جه‌نگ و پێشمه‌رگه دێرینه‌كان، ده‌كه‌ین، سڵاو و رێز بۆ خانه‌واده و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌نێرین، هیوادارین هه‌میشه گه‌له‌كه‌مان له ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری و سه‌ركه‌وتن دا بێت.
شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی رۆڵه خۆراگرهكانی گه‌لی كوردستان بوو بۆ ره‌تكردنه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و داكۆكیكردن له خواست و ویست و مافه‌كانی گه‌ل و خاك و وڵاته‌كه‌مان و دۆزه ره‌واكه‌ی و شكست هێنان به پیلانه جۆراوجۆره‌كانی له‌باربردنی خه‌باتی رزگاریخوازیمان، مێژووش هه‌قیقه‌تی ئه‌و شۆڕشه‌ی سه‌لماند وه‌كو درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول به رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر، هه‌روه‌ها شۆڕشی گوڵان به‌رجه‌سته‌كاری قوتابخانه‌ی یه‌كڕیزی و هاوسه‌نگه‌ری گه‌لی كوردستان بوو تا گه‌یشتن به پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی، كه هه‌وێن و داینه‌مۆی راپه‌ڕینه شكۆدارهكانی ساڵی 1991بوو.
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست...
زنجیره‌ی خه‌باتی چه‌كداری و سیاسی ئه‌و قافڵه سه‌ركه‌شه هه‌ر له به‌رایی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول و قۆناغه جیاجیاكانی تێكۆشان دا و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی له‌و كاروانه نه‌پساوه پڕ سه‌روه‌ریه‌دا به‌دیهاتوون له‌وانه‌ش (رێككه‌وتننامه‌ی 11ئاداری 1970) و راپه‌ڕینه‌كانی (1991)و ئه‌زموونی حوكمرانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن كه به‌رهه‌می ئه‌و كاروانه نهسرهوتوهیه و بووه‌ته فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی ئه‌مڕۆ ئارادا هه‌یه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئێمه له‌به‌رده‌م خه‌بات و تێكۆشانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند داین، له‌به‌رده‌م ئه‌زموون و هێزێكی پێشه‌نگ و هه‌رده‌م پشتئه‌ستوور به بیروباوه‌ڕی شۆڕشگێڕی و خه‌باتی سیاسی جه‌ماوه‌ریی داین، كه به گیانی كوردایه‌تی و كوولتووری دیالۆگ و برایه‌تی و پێكه‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌رده‌وام كاری كردووه بۆ به‌دیهاتنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه ره‌واكانمان.
هه‌میشه به‌رنامه‌و ئاڵای شه‌كاوه‌ی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز به‌بێ جیاوازی ئیتنی و ئایینی و ئایینزاوه له‌گه‌ڵ قۆناغی ئه‌وسای خه‌باتدا له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لی كوردستان دا بووه هه‌روه‌ك لانه‌یه‌كی ئارام، ئامێزی بۆ ته‌واوی نیشتیمانپه‌روه‌ران و سیاسه‌تمه‌داران ئاوه‌ڵا بووه، له هه‌ورازونشێوی خه‌باتدا سڵی له خیانه‌تكاران و پیلانگێڕیی و دوژمن و نه‌یارانی نه‌كردۆته‌وه‌و به‌رده‌وام خۆڕاگرانه و به‌رپرسانه به بیروباوه‌ڕێكی پته‌و و له‌بن نه‌هاتووی شۆڕشگێڕانه‌وه مكوڕ بووه له‌سه‌ر جۆشدان و رابوونی سیاسی و ئابووری و كوولتوری و هۆشیاریی، بۆیه شووره‌یه‌كی پۆڵایینی شۆڕشگێریی و كوردایه‌تی ئه‌وتۆی بونیاتنا، كه گیانی هه‌میشه‌یی به‌رخودان و حه‌ماسه‌تی وه‌به‌ر خه‌ڵكی كوردستان دا بۆ داكۆكیكردن له ماف و ئامانجه‌كانیان.
هه‌ڤاڵان و جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ری كوردستان...
بیره‌وه‌ری (39)یه‌مین ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز لهههلومهجێكدا هاته‌وه، كه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی سنووره‌كه‌ی كه‌وتۆته به‌ر مه‌ترسی پهلاماروهێرشی ناڕه‌وای ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی به‌ناو ئیسلامی(داعش)و به سه‌دان هه‌زار كه‌س له ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی هه‌رێم بوون وه‌كو سه‌دان هه‌زار كه‌سی دیكه‌ی خوشك و برایانی كریستیان و عه‌ره‌بی پارێزگاكانی مووسڵ و تكریت و ئهنبارو دیاله‌و شاروشارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئێراق، ئه‌مه جگه له هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام خاكی كوردستان وه‌ك هه‌میشه په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و ئاسووده‌یی بووه بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌كی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ته‌واوی كوردستانیان له به‌هاناچوون و هاریكاریكردنی ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران، درێغیان نه‌كردووه، كه ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س.
ئێمه كاتێك زۆر به‌توندی ئه‌و زنجیره تاوانه ده‌سته‌جه‌معی و نامرۆییانه‌ی تیرۆریستان و هێرش و په‌لاماردانانه ئیدانهومهحكوم ده‌كه‌ین و به جینۆسایدی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین، به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ئێزیدی، پێمان وایه وا پێویست ده‌كات وڵاتانی بریار به‌ده‌سته‌كانی جیهان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، په‌له بكه‌ن بۆ رێگرتن له به‌رده‌وامیی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانكاریانهو به كۆدهنگیهوه میكانیزمی گونجاو رێكبخه‌ن بۆ بنبڕكردنی ئه‌و تاوانانه‌و به‌هاناهاتنی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌و ناوچه‌كانی دیكه و فریاكه‌وتنی دیل و بێسهروشوونكراوان، به‌مه‌ش هاووڵاتیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه، كه به هه‌موو هێزو توانایه‌كمانه‌وه وه‌ك چۆن هه‌وڵمان داوه زیاتر كارده‌كه‌ین چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یا ده‌ره‌كیه‌وه بۆ كۆتایی هێنان به‌و كێشهودهردهسهریانهو زیاتر به‌هاناهاتنی هاووڵاتی و هاونیشتیمانیانمان و پاڵپشتیكردنیان له‌رووی ماددی ومهعنهویهوهو رزگاركردنی شارودێهاتهكانیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی ره‌سه‌نی خۆیان.
هه‌ڤاڵانی به‌ڕێز..
ئاشكرایه ئه‌مڕۆ بارودۆخێكی گونجاوو زۆر هه‌ستیار بۆ گه‌لی كورد و پێگه سیاسییه‌كه‌ی ره‌خساوه بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس و ئایندهی سیاسی كه زیاتر پێویستی به یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی هه‌یه كه بێگومان زامنی سه‌ركه‌وتنن، هه‌روه‌ها له‌و قۆناغه‌دا نه‌خشه‌ی سیاسی ده‌وڵه‌تی ئێراقیش گۆڕاوه‌و وڵاتانی بڕیاربه‌ده‌ست و نێوه‌نده سیاسیه جیهانیه‌كان و سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان به‌بایه‌خه‌وه ده‌ڕواننه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك وڵاتێكی بڕواپێكراووشهرعی و ئه‌زموونی حوكمرانی سه‌ركه‌وتوانه‌ی هه‌رێم، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌مڕۆ هاوسه‌نگی هێزه‌كانیش گۆڕاون بۆیه رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئیراق وناوچه‌كه واقیعێكی تازه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه‌و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له سه‌ركه‌وتنه‌كانیان به‌رده‌وامن و هه‌میشه له پێشڕه‌ویدان، بۆیه پێویسته و ئه‌ركی سه‌رشانی گشت حزب و هێز و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان و ته‌واوی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مانه پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌وله‌ویه‌تی كارنامه‌كانیان دابێت و دڵسۆزانهوبهرپرسانه كاربكه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ههڕهشهومهترسیهكانی تیرۆریستان و داكۆكیكردن له سه‌روه‌ریی و یه‌كێتی خاك و نیشتیمانه‌كه‌مان.
بێگومان ئه‌و ره‌وشه نوێیه‌و به‌هێزبوونی پێگه‌ی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان و به‌رقه‌راربوون و سه‌قامگیریی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیمان وه‌ك فاكته‌رێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی رووداوه‌كاندا، ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی راست و دروستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاسه‌تی حه‌كیمانه و دووربینانه‌و رۆڵی كاریگه‌ری كه‌سایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیه له هه‌وڵ و كاركردنیدا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهان، نه‌خاسمه له‌دوا سه‌ردان و دیداریدا له واشنتۆن و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له باره‌ی به یاساییكردنی بڕیاری هاوكاریكردنی لۆجیستیكی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌رووی چه‌ك و تفاقی سه‌ربازیه‌وه.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز
پێویسته‌و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه، به‌تایبه‌تی وه‌ك حزب و لایه‌نه سیاسیه دڵسۆزه‌كانی كوردستان هه‌وڵ بده‌ین و كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهات و رووداووگۆڕانكاریه‌كان بكه‌ین چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی یا ناوچه‌یی، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییه‌وه جه‌خت بكرێته‌وه سه‌ر زیاتر ئه‌كتیڤكردنی داموده‌زگا شه‌رعیه‌كان و هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕی و كێشه‌كانمان و رووكردنه ئه‌و پرسه گرنگه هه‌نووكه‌ییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گۆره‌پانه‌كه‌دان، له‌وانه‌ش چۆنیه‌تی خۆته‌یاركردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی داسه‌پاوی تیرۆریستان له گشت روویه‌كه‌وه‌و پرسی دووباره رێكخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوورو ریفراندۆم و رای جه‌ماوه‌ر، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووریمان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچهوبودجه، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی هاووڵاتیان و دابینكردنی زیاتری ره‌فاهیه‌ت و خۆشگوزه‌رانیی و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی دووچاری چین و توێژه‌كانی هاووڵاتیان ده‌بن، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و ده‌ره‌كیشدا زیاتر هه‌وڵ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان وه‌ك هێزێكی نوێ و ئیقلیمی و خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی به جیهان و له نێو سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیدا زیاتر بناسرێت و جێگه‌وپێگه‌ی شیاو و كاریگه‌ری خۆی هه‌بێت و وه‌ك فاكته‌رێكی گرنگ و سه‌ره‌كی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ناوچه‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا بتوانین به‌یه‌ك ده‌نگ بڕیاری چاره‌نووسساز له‌سه‌ر ئایندهی كێشه سیاسیه‌كه‌مان و هه‌رێمه‌كه‌مان بده‌ین، جگه له هه‌وڵدان بۆ زیاتر پشتیوانی و پاڵپشتی كردنی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و وڵاتانی زلهێزو بڕیار به‌ده‌ست له‌وانه‌ش وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هاوهه‌ڵوێستی و هاوكاریان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانمان، له‌و سونگهیهوهش پێویسته سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌ت وحكومه‌ت و رێكخراووسهرۆك وسهركردهو گه‌لانه بكه‌ین، به‌تایبه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له‌رووی سه‌ربازی یا مرۆیییه‌وه هاوكاریی كوردستانیان كردووه.
جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی كوردستان...
سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێراق ئێمه پێمان وایه هۆكاری ئه‌و شه‌ڕوشۆر و كوشتاروقهیرانه خوێناویه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی گرتۆته‌وه به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ سیاسه‌ته چه‌وت و ناڕاسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له‌ناوه‌ڕۆكی دیموكراسی و نیشتیمانیه‌كه‌ی له‌و ماوه‌ی رابرد رۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه له داخوران و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی هێزه سیاسی و نیشتیمانیه‌كان، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه و هیوادارین ده‌رس و په‌ند له‌و رابردووه تاڵه وه‌ربگیرێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوه‌ند له سیاسه‌ت و پلانه‌كانیاندا راسته‌ڕێی ده‌ستوریی بگرنه به‌ر به‌تایبه‌تی له رووی دانپیانان به ماف وئیستیحقاقه ده‌ستوریه‌كانمان و پابه‌ند بن به‌و رێككه‌وتنانه‌ی نێوان هه‌ردوو لا مۆركراوه به‌تایبه‌تی له‌بواری نه‌وتدا، هه‌روه‌ها پێویسته سه‌رله‌نوێ متمانه له نێوان هێزه ئێراقیه‌كان و پێكهاته نیشتیمانیه‌كان بنیات بنرێته‌وه دوور له تاكڕه‌وێتی و وه‌لانان و په‌راوێزخستن.
له‌و بۆنه‌یه‌دا جارێكی دیكه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌تی و گیانی به‌رپرسیاریه‌تی و گوتاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بۆ پته‌وكردنی یه‌ك ستراتیژیی و یه‌كڕیزیی و رێكخستنی ماڵی كورد و وه‌لانانی كێشه‌و گیروگرفته لابه‌لاكان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه هه‌نووكه‌یییه‌كان و شه‌ڕی داسه‌پاوی تیرۆریستان و بڕیاردان له‌سه‌ر چاه‌ره‌نووسی دۆزه ره‌واكه‌مان.
ئێمه كاتێك یادی(39)ساڵه‌ی ئه‌و بۆنه پیرۆزه ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌مدیسان به‌ڵێن به خوێن و رۆحی پاكی شه‌هیدان و گه‌له‌كه‌مان ده‌ده‌ین و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له سه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر هه‌مان رێبازی كوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیمان بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌سكه‌وتانه‌ی، كه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و قوربانیهكانمانن و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی ئاشتیخوازی و دیموكراسی و كوولتوری لێبورده‌یی وپێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیریی سیاسی وئابووریو كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها دابینكردنی خۆشگوزه‌رانیی وئارامیی و ئاسووده‌یی بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان.
سڵاو بۆ شه‌هیدانی رێگای سه‌روه‌ریی و ئازادی و رزگاری كوردستان، سڵاو بۆ یادی هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی سه‌رقافله‌ی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی شۆڕشگێریی و به‌رخودان بوون...سڵاو له گیانی پاكی شه‌هیدانی به‌ره‌كانی جه‌نگی دژه تیرۆر و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان...
نه‌مریی و سه‌روه‌ریی بۆ رۆحی پاكی بارزانی نه‌مر و كاكه ئیدریسی هه‌میشه زیندوو...
سڵاو له پێشمه‌رگه نه‌به‌رده‌كانی به‌ره‌كانی جه‌نگی دژ به تیرۆریستان...
سڵاو له جه‌ماوه‌ری خۆراگروپشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان...
سڵاو له خۆراگری خانه‌واده و خوشكوبرا ئاواره‌كانی ده‌ستی تیرۆر...
هه‌ر بهرزوشهكاوه بێت ئاڵای كورد و كوردستان...
دواجار سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مانه...
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
25/5/2015
