ئەو كێشەیەی ئێستا لە عێراق و سووریا بوونی هەیە شەڕی تایفەگەریی نێوان شیعە و سوننەیە
رۆندی وێڵسن هەروەها گوتی: ئەمریكا دەیەوێت جۆرێك لە لێك نزیك بوونەوە لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات، ئایا ئەمە ڕوودەدات، یان نا، ئێمە نازانین، بەڵام ئەوروپا پشتیوانییەكی بەرفراوانتری وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو دەكات، چونكە بازاڕێكە بۆ ئەوان و دەبینین ڕێككەوتنی كڕینی چەك لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە لەگەڵ فەڕەنسا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وایان لێدەكات هاوكارییەكی باشتری یەكتر بكەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی پێوەندییەكانیشیان بێت لەگەڵ ئێراندا.
شايانى باسه رۆندی وێڵسن هەروەها گوتی: داگیركردنی عێراق مایەی كارەسات بوو، هەروەها ئەو كردەوانەی لە ئەفغانستان ئەنجامدران، ئەوانیش كارەساتیان لێكەوتەوە. لەبەر ئەوە خواستێك لە ئەوروپا، یان ئەمریكا نەماوە بۆ ڕەوانەكردنی سوپا، یان هێزی ئاسمانی بۆ ئەوەی لەم شەڕ و ناكۆكیە ناوخۆییانەوە تێوەبگلێن. ڕاستە ئامادەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بنێرن، بەڵام ئامادە نین گیانی ئەمریكییەكان، یان گیانی ئەوروپییەكان بكەنە قوربانی. بەداخەوە كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایفەگەرییە، مێژوووی ئەوروپاش مێژووی دابەشبوونی تایەفەگەری بوو، كە بە چەشنی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە نێوان شیعە و سوننەدا دابەش بووە. نیگەرانییە سەرەكییەكە ئەوەیە ئەم ناكۆكییانە ئەگەری ئەوەیان هەیە بۆ نزیكەی سەد ساڵ درێژە بكێشن، چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش لە ئەستۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا نییە، بەڵكو ئەم بەرپرسیارێتییە ڕووبەڕووی لایەنەكانی ناوچەكە دەبێتەوە، وەك سعودیە و ئێران كە بگەنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش، بەڵام بەداخەوە ئەمەیان ناوێت، لەبەر ئەوە شەڕی بەردەوام دەبینین.
لە كۆتایی قسەكانیدا رۆندی گوتی: ئەو دۆخەی لە سووریادا هەیە، شەڕی بەوەكالەتە لە نێوان شیعە و سوننەدا، هەروەها هەمان حاڵەت لە عێراقیشدا هەیە كە زۆرینەی شیعەن، لەگەڵ هاتنەئارای دەوڵەتی ئیسلامی كە گرووپێكی ئوسووڵی سوننەن. دابەشبوونی تایفەگەری بۆتە ئەو بەنزینەی كە ئاگری ئەم شەڕە خۆش دەكات. ئەگەر لە مێژوووی ئەوروپا بڕوانین، دەزانین پرۆتستانت و كاسۆلیك بۆ سەدان ساڵ چییان لە بەرامبەر یەكدا كرد، بۆیە بەلای منەوە لە ئێستادا ئەگەرەكانی ئایندە جێی ئومێد نین، بەتایبەتی كە سعودیە و ئێران نایانەوێت كۆتایی بەم دۆخە بێنن كە وڵاتانی عێراق و سووریا و لوبنان و ئێستاش یەمەن بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1027)
