فڕاکسیۆنی پارتی یاداشتێکی پێشکەشی پەرلەمان کرد

 فڕاکسیۆنی پارتی یاداشتێکی پێشکەشی پەرلەمان کرد
فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت به رووداوەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران یاداشتێکی پێشکەشیی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.

ئەمەش دەقی یاداشتەکەیه:

"بۆ / سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان
سڵاو و ڕێز
بە پێی بڕگەی (٢) لە ماددەی (٥٦) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (١٩٩٢)، پەڕلەمانی کوردستان بەرپرسیارێتی گەورەی دەکەوێتە سەر شان لە یەکلایی کردنەوەی کێشە چارەنووسسازەکان و یەکێتی گەل و خاکی کوردستان.
بۆیە لە ڕوانگەی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەوە داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران دەکەین، دان بە خۆیاندا بگرن و بە ھیچ شێوەیەک دەستییان نەچێتە خوێنی یەکتر، چونکە ھەر لەم پەڕلەمانەوە کە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە، ھەموو لایەکمان بڕیاری تەحریم کردنی شەڕی برا کوژیمان داوە و نابێت جارێکی تر لە ژێر ھیچ پاساو و بیانوویەکدا خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێتەوە.
بۆیە داوا دەکەین لە رێی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بۆ چارەسەری کێشەکانیش، داواکارین پەڕلەمانی کوردستان شاندێک لە سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆ لای ھەردوو لا بنێرێت و تەواوی ڕووداوەکە و ھۆکار و ئەنجامدەرانیشی بۆ ڕای گشتی کوردستان ئاشکرا بکرێن.
لە کۆتاییدا ھیوادارین یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان، لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە بێت.

بژی کورد بژی کوردستان
بژی یەکێتی ڕیزەکانی گەلی کوردستان."

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان
٢٤/٥/٢٠١٥
Top