لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور کۆدەبێتەوە
د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی دەستووری کوردستان رایگەیاند:" رۆژی دووشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ لیژنەی ئامادەکردنی دەستووری کوردستان بە سەرپەرشتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات".
سەبارەت بە دیاریکردنی دەستەیەکی سەرۆکایەتی بۆ لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور د. ڤاڵا فەرید گوتی:" ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی لیژنەکە کاری زۆرە و کاتێکی دیارکیراوی لە بەردەم داندراوە، پێویستە سەرۆک و جێگرو بڕیاردەری ھەبێت، بۆیە چاوەڕێی یەکەم کۆبوونەوە دەکەین کە ئاخۆ بە چ میکانیزمێک دەستەی سەرۆکایەتی بۆ لیژنەکە ھەڵبژێرین" گوتیشی" نووسینی پەیڕەوێکی ناوخۆ بۆ لیژنەکە قسەی لێدەکرێت".
رۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان، ٢٠ ئەندامی لیژنە ٢١کەسییەکەی دەستووری کوردستان پەسەند کرد و کورسییەکانیش بەسەر حیزبەکاندا دابەشکراوە: پارتی ٧ کورسی، ھەریەک لە یەکێتی و گۆڕان ٤ کورسی، یەکگرتوو ٢کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی و تورکمان و مەسیحییەکانیش ھەریەکەیان یەک کورسییان بۆ دیاریکراوە، بۆ چوار حیزبەکەش کە پێکھاتوون لە (شیوعی، بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاراستەی سێیەم و سۆسیالیست) بەیەکەوە یەک کورسییان بۆ دیاریکراوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن کاندیدیان بۆ ئەو کورسییە نابێت.
ئەو لیژنەیە تەنھا ٩٠ رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنی دەستوور، ئەگەر کارەکانیان لەو ماوەیەدا تەواونەکرد، پەرلەمان بۆیان درێژدەکاتەوە.
رووداو
