وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان تێکەڵ دەکرێن
ھیوا میرزا سابیر، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەهۆی پرسیاری ھاوڕییەکانی سەبارەت بە وەزارەتی کارەبا، وەڵامێکی ٦ خاڵی دەداتەوە و بەفەرمی ئاشکرای دەکات، کە حکومەت داوای رادەستکردنەوەی وەزارەتی کارەبای لێکردوون، دەڵێ:"بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ماوەیەکە دەڵێت بۆ چارەسەری بەشێک لە کێشەکانی کارەبا ناچارین وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بکەینە یەک (دەمج) بکەین".
گوتەبێژی یەکگرتوو، نیگەرانی خۆشی لە دەستەبەرنەکردنی بودجە دەخاتەڕوو " یەکێک لەو وەزارەتانەی کە پێویستی بە بودجەیەکی باش و بەدەمەوەهاتنێکی بەردەوامی حکومەت ھەیە، وەزارەتی کارەبایە و ئەوەش مەرجێکی قبوڵی ئێمەبوو بۆ ئەو وەزارەتە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان" دەشڵێت :" لەماوەی رابردوودا بۆ دەستەبەرکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی وەزارەتی کارەبا، لە ھەوڵێکی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بەڵام بەداخەوە حکومەت دەڵێت ئێمە بەھۆی ئەم وەزعەوە ناتوانین ئەو بودجەو داواکاریانە جێبەجێ بکەین".
ھیوا میرزا سابیر هەرەوەها دەڵێ " مەبەستە داوا لە یەکگرتوو کراوە ھەرچۆنێک بێت وەزارەتی کارەبا بداتەوە حکومەت، ئێمەش لە رێگەی لێژنەیەکەوە لەگەڵ حکومەت لە دانوستان داین و لە ھەموو بارێکدا یەکگرتوو بەرژەوەندی گشتی لە بەرژەوەندی حیزبی و موزایەدەکردنی حیزبی لەلاوە گرنگترە".
خەندان
