کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە

کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە
لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشووری کوردستان کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە باسنیوز گەیشتوون، شەوی رابردوو کۆڵبەرێک بەناوی “ئەحمەد ڕامیان” تەمەن 26 سال و خێزاندار کەوتووەتە بۆسەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و گیانی لێ ئەستێندراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش ئەوەی تەقەی لێکراوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار و دواتریش ڕەوانەی شاری ورمێ کراوە و بەهۆی سەختیی برینەکەی لە رێگەی ورمێ گیانی لەدەست داوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە پۆلێک لە کۆڵبەرانی کورد کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزەكانى حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کورد گیانی لەدەست دابوو، شاياني باسه ئەو کۆڵبەرە ناوی “مەجید تەهازادە” و تەمەن 42 ساڵ بووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراونەتەوە دەگوترێت کە لە یەک ساڵی رابردووە هەتا ئێستا زیاتر لە90 کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.





















باسنيوز
Top