سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات
لەم دیدارەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر ئاگادار كردەوە و باسیشی لەو هاوكاری و هەماهەنگیانە كرد كە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە لە بواری سیاسی و مرۆیی و گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕومادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، جەختیان لە پێویستی بەدەنگەوەهاتنی جدیتری حكوومەتی عێراقی و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بودجە و نەوت كرا.
