عادل عەبدولمەهدی: كورد هەرگیز چاوی لەوە نەبێ بەغدا مانگانە ملیارێك دۆلاری بۆ بنێرێ
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەیەكی پڕ لە كۆبوونەوەی لەبارەی كێشەی نەوت و بودجە بەڕێكرد. مەبەستیش لەو كۆبوونەوانە بەدەستهێنانی پاڵپشتی پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق بووە و ئامانجەكەشی پێكا.
هەرزوو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرپشك كرد بۆ دابینكردنی بودجە كە چۆن پێویستی كرد، وا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا بكات.
سێ رێگا لەبەردەم بەغدا
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیەكی گەرمی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ (رووداو) ئاشكرا دەكات.
ئامانج رەحیم كە لە هەمانكاتدا راوێژكاری یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەشداری كۆبوونەوەی وەزیری نەوتی عێراقی كردووە، دەڵێ "سەرۆكی حكومەت نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستانی گەیاندە عادل عەبدولمەهدی و ئەویش هاوڕابوو لەگەڵ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكە بووە، بە تایبەتی لە مانگی رابردوودا". بۆیە وەزیری نەوتی عێراق داوای لە حكومەتی عەبادی كرد رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بكات.
رۆژی 2/12/2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێككەوتنێكیان بۆ ماوەی یەك ساڵ واژۆ كرد، بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێ هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بكات و لە بەرامبەریشدا حكومەتی عێراق 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان.
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە نەبووەو تاوەكو ئێستا تەنیا لە چوار مانگی یەكەمدا عێراق نزیكەی سێ ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە، چونكە هیچ مانگێك 17%ی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەناردووە".
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، عێراق دەبێ مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار (ملیارێك دۆلار) بداتە هەرێمی كوردستان.
ئامانج رەحیم دەڵێ "مانگی چوار بۆ هەرێمی كوردستان سەنگی مەحەك بوو، ئێمە بە تەواوەتی پابەندی رێككەوتنەكە بووین، بەڵام بەغدا هەر نەهاتە پێش". گوتیشی "نێچیرڤان بارزانی بە عادل عەبدولمەهدی گوت تەنیا سێ رێگا هەیە: یان هەردوو لایەن پابەندی رێككەوتنەكە دەبین. یان رێككەوتنێكی دیكە دەكەین و یاخود دەستبەرداری رێككەوتنەكە دەبین و هەر لایەك نەوتی خۆی بفرۆشێ و بودجەی خۆی دابین بكات".
عەبدولمەهدی: عێراق ناتوانێ ملیارێك دۆلار بدات
دەربارەی وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامانج رەحیم دەڵێ "عادل عەبدولمەهدی بە ئاشكرا گوتی: هەرگیز چاوتان لە یەك ملیار دۆلار نەبێ لە مانگێكدا، وەك ئەوەی لە رێككەوتنەكەدا هاتووە، چونكە حكومەتی عێراق ئەو پارەیە نادات".
عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی 13/5/2015 گەیشتە هەولێر و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان مایەوە و سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سازكرد، بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێك گەڕایەوە بەغدا.
وشیار عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ژێر گوشاری توندی شیعەكاندایە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتن دەكات و بودجە رەوانە دەكات و گوتی "ئێستاش ئەوە لە نێو شەقامی شیعەدا زاڵە كە كێ زیاتر دژایەتی كورد بكات، جەماوەری زیاتر دەبێ".
لە ماتماتیكیشدا ئەوە نییە
وشیار عەبدوڵڵا، باسی نامەیەكی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق دەكات لەبارەی ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە مانگی نیسان بە ناتەواوی و دەڵێ "زێباری نامەیەكی توندی بۆ عەبادی نووسی و تێیدا گوتی بەهیچ شێوەیەك و بەگوێرەی هەموو پێوەرە ماتماتیكییەكانیش، ئەو پارەیەی تۆ بڕیارت داوە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێری وەكو مووچە و بودجەی مانگی نیسان، رەوا نییە". هۆشیار زێباری هەر لەو نامەیەدا بە عەبادی گوتووە "ئەوەی تۆ دەیكەی غەدرێكە لە كورد".
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق لە مانگی نیساندا تەنیا "488 ملیار دیناری ناردووە و ئەوەش بەشی نیوەی مووچەی مانگێكی فەرمانبەران ناكات".
ئامانج رەحیم لەو بڕوایەدایە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە نابێ و دەڵێ "تەسەور ناكەم بەغدا لە باشترین حاڵەتدا لە 600 ملیار دینار زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێ".
چاوەڕێی كۆبوونەوەی سێشەممەن
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 19/5/2015 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوەو تێیدا بابەتی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكرێ.
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش دەڵێ "لەهەموو حاڵەتێكدا چاوەڕێی كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە دەكەین، كە هەم كاك هۆشیار زێباری و هەم عادل عەبدولمەهدی گوتوویانە قسەی خۆیان دەكەن و دەڵێن هەرێمی كوردستان پابەند بووە بە رێككەوتنەكە".
رووداو
