لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە چەندین بڕیاری تازەی راگەیاند
مەبەست لەم کۆبوونەوەیە بەدواداچوونی ئەو رێنماییانەی کۆبوونەوەی پێشووی لیژنەکەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بوو، تێیدا ئاماژە بەوە کرا کە بەپێی بەدواداچوون و راپۆرتەکانی ئەم نەخۆشییە خەریکە ئیحتوا دەکرێت و دواتر لەبەر ھاتنی وەرزی گەرما رووی لە کەمی دەکات ھەر چەندە لە ھەندێ شوێندا حاڵەتی کەمی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە.
لە میانی ئەم کۆبوونەوەی چەند بڕیارێک دەرچوون:
- بڕیاری بەبازاڕکردنی مریشکی ھەموو خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر درا تاکو تووشی زیان نەبن و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەمە لە ئەستۆ دەگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕی ٦ملیار دیناری وەک پاڵپشتی بۆ ئەم پرۆسەیە تەرخان کرد، ئەم بەبازاڕکردنەش لە رێگەی ھەندێ کۆمپانیاوە دەبێت بە رێگەی گرێبەست و لەمەشدا ئەوانیش پشکی خۆیان پێ دەدرێت ھەروەھا پشکی خاوەن کێڵگکەکان و خاوەن گرێبێەستەکانیش دەگرێتەوە.
- دەربارەی دووکان و فرۆشگاکانی مریشکی زیندوو لە کۆڵان و شەقامەکان، دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو مریشکانەی ھەیانە ساغی بکەنەوە و بیفرۆشن و لەو شوێنانە نەمێنن. بڕیاردرا ئەوانە مۆڵەتی یاساییان پێ دەدرێت بەپێی مەرجە تەندروستییەکان و ئەو کاتە دەتوانن پشکی خۆیان لە مریشکی سەربڕاوی سەربڕخانەکان لەنێو سەلاجە و موجەمیدە بفرۆشنەوە.
- دەربارەی مریشکی ھاوردەکراو، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا ھەر پارێزگایەک پێویستیی خۆی لە مریشک بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بنێرێت تاکو مۆڵەتی ھاوردەکردنیان پێ بدرێت بۆ ساغکردنەوە.
- سەبارەت بە مریشکی زیندووی دوو کیلۆیی، کە پێشتر بڕیاردرابوو نابێت کێشی مریشک لە دوو کیلۆ زیاتر بێت، لەم رۆژانە ھەندێ رێنمایی لەلایەن وەزارەتەوە دەردەچێت بۆ ئەو بڕە مریشکەی کە لایان ماوە و زیاترە لە دوو کیلۆ تا لە ماوەی دیاریکراودا ساغی بکەنەوە، ئەم بڕیارانەش لە وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە ماوەی مانگێکی بۆ دادەنرێت تاکو بە تەواوی جێبێەجێ بکرێت، ھەر دوای ئەم کۆبوونەوەیە عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە دیوانی وەزارەت سازکرد و تێیدا بە تێر و تەسەلی رۆشنایی خستە سەر ئەو بڕیارانە کە لە کۆبوونەوەی ناوبراو دەرچوون و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس و نوێنەرانی میدیاکانی دایەوە.
