150 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس لە ناوەڕاستی رومادی گەمارۆدراون

 150 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس لە ناوەڕاستی رومادی گەمارۆدراون
یەکێک لە شێخەکانی هۆزی ئەلبوعلوان، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بەهانای 150 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسی رومادییەوە بچێت ، کە رۆڵەی هۆزەکەی ئەوانن و لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە لە ناوەڕاستی رومادی گەمارۆدراون.

شێخ عارف عەلوانی، یەکێک لە شێخەکانی هۆزی ئەلبوعلوان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "150 ئەفسەر و کارمەندی رۆڵەی عەشیرەتی ئەلبوعلوان، لە شەوی هەینییەوە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە لە بەڕێوەبەرایەتی تیرۆر و تاوان، لە ناوەڕاستی رومادی گەمارۆدراون".

عەلوانی، داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکات " بەپەلە بەهانایانەوە بچن و رزگاریان بکەن". هەروەها هەموو بەرپرسیارێتییەک دەخاتە ئەسۆی حکومەتی ناوەندی "ئەگەر بێت و ئەو ئەفسەر و کارمەندانە هەر ئازارێکیان پێبگات، ئەوا بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ناوەندی".

رۆژی شەممە، ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی تاوانی ئەنبار، رایگەیاندبوو، کە چەکدارانی رێکخراوی داعش گەمارۆی بەڕێوەبەرایەتی تیرۆر و تاوانی ئەنبار و کۆشکی عەدالەیان لە ناوەڕاستی رومادی داوە، داوای لە هێزە تایبەتەکانیش کردبوو، گەمارۆی سەریان هەڵبگیرێت.








رووداو
Top