"پێشمەرگە ئەو چەکانەی تێکشکاند کە داعش لە سووپای عێراق دەستی کەوتبوو"

شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە چەند میحوەرێکەوە خۆیان ئامادەکردبوو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێش ئەوەی پلانەکەیان سەربگرێت هێرشیان کرایە سەر و تێکشکێندران.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک لە لێدوانێکدا گوتی:" شەوی هەینی لەسەر شەممە 15-5-2015 چەکدارانی داعش لە ئامادەکاریی بوون لە میحوەرەکانی مەحگوور و گوبەیبە لە رۆژئاوای کەرکووک بۆ هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە دەسپێشخەری کرد و بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان هێرشمان کردە سەریان و پلانەکەیان شکستیهێنا".

کەرکووکی هەروەها گوتی "چەکدارانی داعش ‌هێزیان لە چەند شوێنێکەوە هێنابوو، بەتایبەت لە موسڵ و حەویجەوە و بەنیاز بوون بەو چەکە نوێیانەی کە لە سوپای عێراق دەستیان کەوتبوو و دەگوترێت بە هەڵە خراوەتە خوارەوە بۆ تیرۆریستانی داعش، هێرشێکی بەرفراوان ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە زانیاری پێشوەختمان هەبوو و توانیمان شکستێکی گەورەیان پێبهێنین و فڕۆکە جەنگییەکان هەموو کەرەستە و ئامێرەکانیان گڕ تێبەردەن و تێکیانبشکێنن".









رووداو
Top