ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، پیرۆزبایى له یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان ده‌كات
له یادى 53 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستاندا، به گه‌رمى پیرۆزبایى له یه‌كێتیى مامۆستایان ده‌كه‌ین كه هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژى دامه‌زراندنیه‌وه تا ئه‌مڕۆ، ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له داكۆكیكردن و پاراستنى مافه‌كانى ماموستایانى كوردستاندا گێڕاوه و هه‌میشه له هه‌وڵى باشتركردنى ڕه‌وش و گوزه‌رانى مامۆستایان و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ییدا بووه.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایى له ته‌واوى مامۆستایانى كوردستان ده‌كه‌ین كه هه‌میشه ڕۆڵێكى مه‌زنیان له پێگه‌یاندنى زانستیانه‌ى نه‌وه‌كانى كوردستان و جۆشدانیان به بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانى خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو ئازادیى گه‌ل و نیشتیمان‌دا گێڕاوه و هه‌رگیز نه‌یانهێشتووه گوشار و بێ مووچه‌یى و ئاڵۆزیى بارودۆخه‌كان، له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌كانى كوردستاندا ببنه ڕێگر و هه‌میشه به دڵسۆزى و به گیانێكى گه‌وره‌ى له‌خۆبورده‌ییه‌وه، به‌رده‌وامییان به پرۆسه‌ى خوێندن و فێركردن داوه.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا بۆ یه‌كێتیى مامۆستایان و ته‌واوى مامۆستایانى كوردستان دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى به‌رنامه و پلانه‌كانى بۆ خزمه‌تكردنى زیاترى مامۆستایان و كه‌رتى په‌روه‌رده، له هه‌وڵ و كۆششه‌كانى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت. دووباره پیرۆزبایى له یه‌كێتیى كوردستان ده‌كه‌ین و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
15/5/2015
