مه‌كته‌بی سیاسی پارتى 53یه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان پیرۆز ده‌كات
به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سكرتاریه‌تى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان
به‌بۆنه‌ى(53)هه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌كیه‌تیه تێكۆشه‌ره‌كه‌تان، یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان، پیرۆزباییه‌كى گه‌رم له ئێوهوسهرجهم مامۆستایانى كوردستان ده‌كه‌ین، كه له‌و كاروانه پڕ به‌خشش و شایسته‌یه‌دا بێ سره‌وتن هه‌میشه به‌رپرسانه له هه‌وڵ وكۆشش دابووه بۆ خزمه‌تكردنى توێژى مامۆستایان و پشتیوانیكردنى دۆزى ره‌واى گه‌له‌كه‌مان له به‌دیهێنانى ئامانج و خواسته پیشه‌یى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
بێگومان ئه‌و كاروانه خۆبه‌خشه‌ى یه‌كێتى مامۆستایان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانیه‌وه له(15/5/1962) رێكخراوانه و پیشه‌ییانه به خه‌بات و قوربانیدانێكى زۆره‌وه به‌رده‌وام بووه‌و تا گه‌یشتۆته ئه‌مڕۆ توانیویه‌تى ده‌سكه‌وتێكى زۆریش به‌دیبێنێ، كه به‌راستى مایه‌ى رێز‌و شانازییه بۆ گه‌له‌كه‌مان به گشتى و توێژى مامۆستایان به‌تایبه‌تى.
یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان شانبه‌شانى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌له‌كه‌مان له قۆناغه جیاجیاكاندا به‌شدارى له خه‌باتى سیاسی و چه‌كدارى كردووه، له‌و پێناوه‌شدا وه‌ك رێكخراوێكى پیشه‌یی كارى كردووه‌و هه‌وڵى زۆرى داوه له‌پێناو سه‌ركه‌وتن وبه‌دیهێنانى ئامانجه پیشه‌ییه‌كانى مامۆستایانى كوردستان له رووى پهروهدهوفێركردن له چوارچیوه‌ى مافه سیاسی و فه‌رهه‌نگی وكوولتورییهكان دا.
مامۆستایانى به‌ڕێز
به‌داخه‌وه گه‌له‌كه‌مان ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووى شه‌ڕێكى نه‌گریس و داسه‌پاوى تیرۆریستان بۆته‌وه، بۆیه كاروئهركى ئێوه له‌و قۆناغه‌ى ئێستاماندا زۆر گرنگ و هه‌ستیارتره له هه‌ر قۆناغێكى دیكه له رووى په‌روه‌رده‌و پێگهیاندنێكى راست و دروستى نه‌وه‌كانمان و سه‌رخستنى په‌یامى زانست و به‌ره‌و پێشبردنى بوارى مه‌عریفى و سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یی و گه‌شه‌پێدانى هزروهۆشی كوردپه‌روه‌رى و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیهروهریی بۆ بونیاتنانى دواڕۆژێكى رۆشندارتر بۆ كۆمه‌ڵگه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
مامۆستایانى خۆشه‌ویست
كاتێك ئێمه ئه‌و یاده پیرۆزه بهرزههڵدهسنگێنین ودهنرخێنین وه‌ك هه‌میشه‌ش پشتیوانى خۆمان بۆ یه‌كێتیه‌كه‌تان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه...هیوادارین به‌هه‌مان رۆحیه‌تى كوردپهروهرىوپهوهردهیی وه‌ك چۆن درێغیتان نه‌كردووه، به‌رده‌وام بن وداكۆكى له مافه پیشهییهكانتان بكه‌ن و ده‌سكه‌وتى زیاتر بۆ سه‌رجه‌م مامۆستایان به‌بێ جیاوازى به‌دیبێنن..
له‌و بۆنه‌یه‌دا سڵاوورێزوئهمهكداریی بۆ دامه‌زرێنه‌ران و سه‌رۆك و سكرتێره پێشه‌نگه‌كانى یه‌كێتی مامۆستایانى كوردستان...
پیرۆز بێت(53)هه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌كێتی مامۆستایانى كوردستان..
مه‌كته‌بى سیاسى
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان
14/5/2015
