سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو هاینێز پلاسخارت وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە خاتوو جانێت سێپێن باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و ئەفسەری وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بە تیرۆریستانی داعشدا و هۆكاری یارمەتیدانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ بوونی دوژمنێكی هاوبەش گەڕاندەوە كە داعشە و هەڕەشەیە لەسەر هەموو لایەك. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە هێز و ئیرادەی پێشمەرگە نیشاندا و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و تیمەكانی سوپای هۆڵەندا لە مەشق و ڕاهێنان و هەماهەنگیی بۆ وەشاندنی گورزی ئاسمانی بە نموونەیی وەسف كرد. وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەوەیش كردەوە كە هاوكارییەكانی وڵاتەكەی و هێزی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی هۆڵەندای كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و هاوكاریكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشی بە ئەركێكی پیرۆزی گشت لایەك لە قەڵەم دا چونكە تیرۆریستان دژی مێژوو و ئێستا و ئاییندە و هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتین. جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە گشت ڕوویەكەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و شەڕی فكری و ئابوورییان بكرێت و ڕێگە لە هاتوچوویان بگیرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەڕووی سەربازییەوە تیرۆریستان تووشی شكست هاتوون و دەبێ لە بەرەی فكر و ئابووریشەوە تووشی شكست بێن.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دا و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان شانازی بەوە دەكات لە بەرانبەر تیرۆریستاندا خۆڕاگر بووە و بەرگری لە بەهاكان كردووە و سەدانهەزار ئاوارەیشی لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. سەبارەت بە قۆناغی داهاتوویش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خەڵك لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە لە ئاییندەدا داعش و هاوشێوەی داعش دووبارە نەبنەوە.

لەم دیدارەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
Top