چیك له ههموو ڕوویێكهوه هاوكاریی پێشمهرگه دهكات
(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە دوا وێستگەی سەردانەکەیان بۆ ئەمهریکا و وڵاتانی ئەورووپا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پراگی پایتەختی کۆماری چیک لەگەڵ (مایلۆس زیمان) سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی چیک، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی هاوکاریی سەربازی چیک کراوە بۆ ههرێمی کوردستان و پێشمەرگە، سەرۆکی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە كە ئامادەن هاوکاری پێشمەرگە بکەن، چونکە "پێشمەرگە هێزی شکاندنی داعشە."
(جیری ئۆڤاجێک) گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری چیک بە میدیایەکی وڵاتەکەی گوتووە "(بارزانی) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماردا، داوای پاڵپشتیی سەربازی لە چیک کردووە، لەوانەش ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ پێشمەرگە، ئێمەش وەک چیک ئامادەی هاوکاریکردنی پێشمەرگەین".
گوتەبێژەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری چیک هەروەها ئاشكرای كردووە: "سەرۆک کۆبوونەوەی لەگەڵ (سهرۆك بارزانی) بە هەل زانی تا سوپاسی (بارزانی) و هەرێمی کوردستان بکات کە ئازایانە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەكان، کۆبوونەوەکە یەک کاژێری خایاندووە و (سهرۆك بارزانی) لای (سهرۆك زیمان) بۆ خوانی نیوەڕۆ بانگ کراوە، هەروەها (زیمان) بە ( سهرۆك بارزانی) گوتووە "تۆ پاڵەوانی کوردستانی".
سەرۆکی چیک راشیگەیاندووە "وڵاتەکەی هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبێت لە شەڕی داعش و راهێنەرانی چیک راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن ."
(جیری ئۆڤاجێک) زانیاریی زیاتری لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە "(سهرۆك بارزانی) لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعشی بۆ بەرپرسانی چیک باس کرد."
راشیگەیاندووە "سەرۆککۆماری چیک ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان داوە بە هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە هەموو رووێکەوە، بە تایبەت بۆ شەڕی تیرۆر، لای خۆشیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە پێشمەرگە پێویستی بە چەکی نوێ و پێشکەوتووە".
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چیک باس کراون، بەڵام بەشی زۆری کۆبوونەوەکە تایبەت کراوە بە چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی داعش.
هەر ئەمڕۆ ئێوارە سهیات 6 بە کاتی هەولێر، لە پراگی پایتەختی چیک، (د. فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و (مستەفای سەید قادر) وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ (تۆماس کوخ) جێگری وەزیری بەرگریی وڵاتی چیک کۆ بوونەوە.
حکوومەتی چیک پار ساڵ بڕێکی زۆر گوللە و پێدوایستیی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە نارد بۆ شەڕی داعش، لەوانە ملیۆنێک گوللەی کلاشینکۆڤ و ملیۆنێک گوللە دۆشکە و 8 ملیۆن گوللەی دەمانچە، هەروەها 500 نارنجۆکیشی بۆ پێشمەرگە نارد.
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (سهرۆك بارزانی) ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە وڵاتانی دەرەوەن و سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئەمهریکا و هەنگاریا و چیکیان کرد، لە ئەمهریکا سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک (سهرۆك بارزانی) رایگهیاند سەرکەوتوو بوو، لە هەنگاریایش ئەو وڵاتە لە ئاستی باڵا پاڵپشتیی سەربازی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند و پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستانیش دەکات.
له ڕووداوهوه
