كچێكی دەزگیراندار خۆی دەخنكێنێ
كەسوكاری ئەو كچە كە بە پشتێنێك خۆی هەڵواسیبوو، دەڵێن كچەكەیان نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بەڵام پۆلیس دەڵێن نازانن بۆچی خۆی خنكاندووە.
رۆژی 5/5/2015 كچێكی تەمەن 18 ساڵ، بەناوی ئەوین خدر، دانیشتووی گەڕەكی ئاشتی لە شارۆچكەی قەڵادزێ لە نێو ماڵەكەیدا خۆی خنكاند.
رەوەند خدر، برای ئەوین گوتێ: لەكاتی رووداوەكەدا كەسمان لەماڵ نەبووین، تەنیا بیست خولەك دەبوو كە بەجێمهێشت، لەو باوەڕەدا نەبووم خۆی بخنكێنێ. منداڵێكی خۆمان بەدوامدا هات و گوتی وەرە ئەوین لە هەورەبانەكە خۆی هەڵواسیوە".
كاتێك رەوەند خوشكەكەی بەوجۆرە دەبینێ، پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە و بە ئاگاداریی پۆلیس پشتێنەكەی لە گەردنی دەكاتەوە. رەوەند دەڵێت "نازانم خوشكەكەم بۆچی خۆی خنكاند! دڵی زۆر بە دنیا خۆش بوو، تەنیا هەفتەیەك بوو مارە كرابوو، شووكردنەكەشی بە خواستی خۆی بووە".
رەوەند رەتیكردەوە كەس دەستی لە خنكانی خوشكەكەیدا هەبێت، ناشزانێت بۆچی خۆی خنكاندووە، چونكە هیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەست نییە كە هۆكارەكەیان بۆ روونبكاتەوە "تەنیا كاغەزێكی دوای خۆی جێهێشتووە و ژمارە تەلەفۆنێكی لەسەر نووسراوە".
بەڵام رەوەند نەیشاردەوە كە خوشكەكەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە "بە منداڵی بەربووەتەوە، بۆیە باری تەندروستی و دەروونی زۆر جێگیر نەبوو، زۆرجار دەبوورایەوە و خوێن لە لووتی دەهات، بۆ چارەسەری بردمانە هەولێر و تارانیش".
وەك رەوەند باسیكرد، بەمدواییە هەستیان دەكرد باری دەروونیی باش بووە، بۆیە رێگەیان پێداوە شوو بكات "لەگەڵ دەزگیرانەكەی یەكتریان زۆر خۆشدەویست، بەرنامەیان بۆ ژیان دانابوو، ئێستا دەزگیرانەكەی بەردەوام دەگری".
كەسوكاری ئەوین داوایان لە كۆمپانیایەكی مۆبایل كردووە كە پەیوەندییەكانی ئەوینیان لەو ماوەیە بداتەوە، چونكە هەندێك كەس دەڵێن كێشەی مۆبایلی هەبووە، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە بەڕاستی كێشەی هەبووە یان نا.
چواس جەوهەر عوسمان كە دەزگیرانی ئەوینە و ماوەی سێ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵی هەبووە، زۆر خەمبارە بە لەدەستدانی دەزگیرانەكەی "ئێمە بە خۆشەویستی بووینە هاوژین، كەس رێگر نەبوو، سێ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبوو. بڕیار بوو بەیانی بچین زێڕ بكڕین و كەلوپەلی نێوماڵ دەستنیشان بكەین. بەرنامەی زۆر جوانمان دانابوو بۆ ئایندەمان، بەڵام مەرگی ئەوین هەموو شتێكی پێچەوانەوە كردەوە".
وەك چواس باسیكرد، ئەوین كە وازی لە خوێندن هێنابوو، بڕیار بوو ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و بچێتە پەیمانگەیەكی كۆمپیوتەر، چونكە زۆر حەزی لە كۆمپیوتەر بوو.
نیو كاژێر بەر لەوەی خۆی بخنكێنێ، ئەوین پەیوەندی بە چواسەوە كردووە. چواس گوتی "لە تەلەفۆنەكە ماڵئاوایی كرد و گوتی دەچم خۆم دەشۆم و دواتر تەلەفۆنت بۆ دەكەمەوە، بە تامەزرۆوە چاوەڕێ بووم تەلەفۆنم بۆ بكاتەوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە هەواڵی مەرگی ئەوینیان پێدام". گوتیشی "ئەو ماوەیەی بە یەكەوە بووین، قەت نەمزانیوە كێشەی هەبووبێت. راستە نەخۆشیی دەروونی هەبوو، من پێشتریش ئەمەم دەزانی، بەڵام ساڵێك بوو نەخۆشییەكەی نەمابوو".
عوسمان محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ پشتڕاستیكردەوە كە ئەو كچە خۆی خنكاندووە، بەڵام هیچ نیشانەیەك لەسەر جەستەی نەبووە كە پێشتر ئەشكەنجە درابێ، تەنیا شوێنەواری ئەو پشتێنەی خۆی پێ خنكاندووە لەسەر ملی دەرچووە. گوتیشی "بەپێی زانیاریی ئێمە ئەو كچە كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە، بۆیە خۆی خنكاندووە".
بۆ دڵنیابوون لە هۆكار و چۆنیەتی مردنی ئەو كچە، تەرمەكەی رەوانە كرا بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی سلێمانی. رائیدی پۆلیس مستەفا محەممەد باپیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند "ئەو كچە بە پشتێنێك خۆی هەڵواسیوەو خۆی خنكاندووە، بەڵام نازانین بۆچی خۆی خنكاندووە و پۆلیس لە سەرەتای لێكۆڵینەوەدایە".
(رووداو)
