بارزانی بەڵێنی لە ئۆباما وەرگرتووە چەكی زیاتر بگاتە دەستی پێشمەرگە
مایكل نایت هەروەها گوتی: پێش هەموو شت ئەمریكا و كورد بە شێوەیەك لە شێوەكان هاوپەیمانی سروشتین، دەتوانین ئەمە لەوەدا بەدی بكەین كە كۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانییەكی بەهێز لە كوردەكان دەكات، كۆنگرێسیش نوێنەرایەتی خەڵك دەكات لە ئەمریكا و لە ئێستاشدا خەڵك زۆر بە گەرمی پشتگیری لە كورد دەكەن. كەواتە لە رووی هاوسۆزییەوە ئەمریكا دەیەوێت پشتیوانییەكی زۆر لە كوردستان بكرێت، لەبەر ئەوەی كورد دۆستن و كەسانێكی دیموكراتین و لەگەڵ ئەمریكادان. لە رووی ستراتیژییەوە، كورد هاوپەیمانێكی گرنگ دەبن لە شەڕی دژ بە داعشدا، هەم لە موسڵ، هەروەها لە سووریاش. پێموایە لە چەند ساڵی داهاتوودا رۆڵی هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر گرنگتر دەبێت لە شەڕی سووریادا. كوردی عێراق دەتوانن –هەروەك لە كۆبانێدا بینیمان- پشتیوانی كوردی سووریا بكەن. لە كۆتاییدا دەبێت داعش لە سووریاش تێكبشكێندرێت، هەروەك چۆن ئەوەی دەبێت لە عێراق تێكبشكێندرێت، ئەگەرنا سەركەوتنێكی نێوەناچڵ دەبێت.
شايانى باسه نایت هەروەها گوتی: گرفتی پڕۆژە یاساكەی كۆنگرێس (The natural defense authorization act)، ئەوەیە پێویستی بە دابینكردنی بودجە هەیە، ئەگەر هاتوو لەناو كۆنگرێس خرایە دەنگدان و پەسەندكرا، لەم پڕۆژەیەدا هەوڵەكان بۆ ئەوەیە كورد چەكی زیاتریان پێ بدرێت، بەڵام زەحمەتە بەم شێوەیە پڕۆژەیاساكە بخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەری ئەوە هەیە هەندێك هەموار بكرێتەوە. بە بۆچوونی من لەوانەیە هەندێك بڕگە كە راستەوخۆ (بە ناو) باسی كوردستان دەكات، بە شێوەیەكی دیكە دابڕێژرێنەوە، بەشێكی ئەم پێداچوونەوەیە بە هۆی ئەوەیە كە بەغدا ناڕازییە و گوشاری زۆری خستۆتە سەر واشنتۆن، هەروەها لە بەشێكی دیكەشیدا بە هۆی ئەوەیە شێوازی نووسینی رەشنووسەكە زۆر ورد نییە، لەبەر ئەوە لەوانەیە پێش ئەوەی دوایین رەشنووسی پڕۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوە لەناو كۆنگرێس، هەندێك بڕگەی هەموار بكرێتەوە، ئەوجا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەوەی گرنگترە لەم پرسەدا ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی سیاسەتێكی حەكیمانەی لە بەرامبەر ئەم پڕۆژەیاسایە گرتەبەر.
لە كۆتایی قسەكانیدا مایكل گوتی: ، واقیعی ئێستای عێراق وایە و دەبێت لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی عێراق، لایەنی مەزهەبگەرایی و ئیتنی لەبەرچاو بگیرێت. لەوانەیە لەمەو دوا ئەمریكا لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ عێراق بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە پێش ساڵی 2003ـەوە بە بەراورد بە ئێستا عێراق كەمتر گیرۆدەی كێشەی مەزهەبگەرایی بوو، بەڵام واقیعەكە لە ئێستادا ئەوەیە عێراق وڵاتێكی زۆر دابەش بووە و ئەمریكاش لەوە دەڕوانێت. ئێمە ئەمە لە سەردانەكاندا بەدی دەكەین، لە پێشدا عەبادی هاتە ئەمریكا، دواتر بارزانی و ئێستا سەركردە جیاوازەكانی عەرەبە سوننەكان سەردانی ئەمریكا دەكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە لە رووی واقیعەوە عێراق دابەش بووه.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1025)
