ئەمریكا پشتیوانی و پێدانی چەك بە پێشمەرگە بە پێویست دەزانێت
ئەنتۆنی كوردسمان هەروەها گوتی: مەسەلەی پشتگیركردنی هێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە، ئەمریكا هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە پێویست دەزانێت و بوونی هێزێك بە پێویست دەزانێت كە توانای بەرگریكردنی هەبێت و بتوانێت لە ناو هەرێمی كوردستانەوە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، هەروەها نەك هەر تەنها عێراق، بەڵكو پشتیوانی دەوڵەتانی دیكەش دەكات لە خستنەگەڕی هەوڵە مرۆییەكانیاندا بۆ ئەوەی یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن و كار بۆ ئەوە بكرێت كورد و پێكهاتەكانی دیكەش رووبەڕووی تراژیدیا نەبنەوە. بەڵام زۆر گرنگە لایەنی كوردی هۆشیار بن لەبارەی دوو خاڵەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە هێزە سەربازییەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شیعەكان هەندێك دەستكەوتیان بەدەست هێناوە. هەروەها هەوڵەكانی كوردیش دەرئەنجامی كۆششی كورد خۆی و پشتیوانی ئاسمانیی ئەمریكا و هێزەكانی دیكە بووە. دەبێت جەخت لەسەر ئەو راستییە بكرێتەوە كە ئامانجی ئەمریكا ئەوەیە لە دوای ئەم پرۆسەیەوە عێراقێكی یەكگرتوو بێتە ئاراوە كە لە ئاست پێداویستییەكانی خەڵكەكەدا بێت، ئێمە پشتیوانی لایەنێك ناكەین لەسەر حیسابی لایەنەكانی دیكە.
شايانى باسه كوردسمان هەروەها گوتی: پەیامی من بۆ هەموو عێراقییەك ئەوەیە كە لە كۆتاییدا چارەسەرەكە بریتییە لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەكی نوێی هێز كە هاوسەنگییەكی رەوا و یەكسان بێت و هەموو لایەك هەست بە ئاسایش بكەن و باوەڕیان وابێت كە دەتوانن پێكەوە بەرەوپێش بچن، بەرەو عێراقێكی پێشكەوتووی سەقامگیر و دەوڵەمەندتر. نابێت دەرئەنجامەكە تەنها لە تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامیدا سنووردار بكرێت، چونكە بە راستی پێویست بەوە دەكات كە عێراقێكی پتر یەكگرتووی دادپەروەر بێتەئاراوە، بە بێ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش روون نییە ئایا چۆن كار بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری دەكرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەنتۆنی گوتی: حاڵی حازر ئەمریكا بە جیا مەشق بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەكات، بەڵام ئامانجەكە هەر وەك خۆیەتی، تەنانەت پێش ئەوەی مالیكیش لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، ئەویش بریتییە لەوەی بونیادێك لەعێراقدا دروست بكرێت كە پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەرەسی وەتەنی سوننی بتوانن ئاسایشی پێكهاتەكانی خۆیان بپارێزێن و لە هەمان كاتدا وەك هێزێكی یەكگرتوو بۆ بەرگریكردن لە عێراق كار بكەن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1025)
