وەزیری پێشمەرگە زانیاری لە بارەی پڕچەك كردنی هێزی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم زانیاری لەسەر ئەنجامی سەردانی وەفدەكەی هەرێم بۆ ئەمریكا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت ئەمریكا سێ لیوای هێزەكانی پێشمەرگە پڕ چەك دەكات.
مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە كەناڵی knn ی راگەیاندووە، ئەمریكا بەڵێنی هاوكاریی زیاتر و پێدانی چەكی قورسی بە پێشمەرگە داوە و سێ لیوای هێزەكانی پێشمەرگەش پڕ چەك دەكات.
وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمریكا بەڵێنی هاوكاری زیاتریان پێداون، بەتایبەتی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەكی قورس.
وتیشی، پڕچەك كردنی سێ لیوای هێزەكانی پێشمەرگە ئەوە ناگەیەنێت، ئەمریكا ئەو سێ لیوایە دروست دەكات، بەڵكو تەنها پێداویستی سێ لیوا چەك و تەقەمەنی دەنێرێت، ئەوانیش لەسەر بنەما و بنچینەی هێزێكی رێكخراو ئەو سێ لیوایە دروست دەكەن.
بە وتەی وەزیری پێشمەرگە، سیاسەتی ئەمریكا سەبارەت بە كورد گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئێستا زیاتر پشتیوانی كورد دەكات.
لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ و بەشداری پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە وتی " بەپێی توانای خۆمان بەشداری لە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمیتەیەكمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان پێكهێناوە."
