پەرلەمانتاران ئیمزا کۆدەکەنەوە

پەرلەمانتاران ئیمزا کۆدەکەنەوە
پەرلەمانتارانی فراکسۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق ئیمزا کۆ دەکەنەوە تا وەزارەتی ناوەخۆی عێراق ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکا بۆ کۆنترۆڵکردنی رێگەی سەرەکی نێوان کەرکووک – بەغدا کە رۆژانە دەیان ھاووڵاتی لێی دەکوژرێن یاخود دێنە رفاندن.
شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش راگەیاند، پەرلەمانتارانی فراکسۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق نیگەرانن لەنا سەقامگیری دۆخی تەناھیی رێگەی گشتی کەرکوک – بەغدا، ئەو نیگەرانییەش ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بە سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوەخۆ بگەیەنن.
راشیگەیاند: ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسۆنە جیاوازەکان ماوەی چەند رۆژێکە ھەلمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوە کراوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوەخۆ ناچار بکەین کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخی تەناھیی ئەو رێگایە کە بە عوزێم ناسراوە ببێتە پاراستن.
ئەوەشی خستەروو، تا ئێستە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر یاداشتەکە کردووە بۆ سەرووی ٦٥ پەرلەمانتار بەرز بۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتاران لەبەغدا دەوام ناکەن، وەزارەتی ناوەخۆی عێراق زانیاری پێداوین لەوەی پلانێکی تازە جێبەجێ دەکا بۆ ئەوەی دۆخی تەناھی ئەو رێگا سەرەکییە سەقامگیر بێ، ھێزێکی زیاتر لەو رێگایە دێتە بڵاوبونەوە، ھەروەھا کار بۆ دەستگیرکردنی ئەو گروپانەش دەکرێ کە رێبواران دەفڕێنن یاخود دەیانکوژن.
Top