نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، كێشەكانی پارێزگاكە تاوتوێ دەكات

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، كێشەكانی پارێزگاكە تاوتوێ دەكات
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سلێمانی کرد، لەگەڵ پارێزگار کۆبووەوە دواتر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو پرۆژانەمان کرد کە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و سلفەیان پێبدرێت، هیواشی خواست رۆحیەتی کارکردنی بە تیم لەنێوانیاندا بمێنێ.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/5/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی كرد و لەلایەن پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی پارێزگاوە پێشوازی لێكرا.
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی نوێی پارێزگای سلێمانی كرد بەبۆنەی دەست بەكاربوونیان و هیوای خواست كە وەك یەك ستاف و بە تیم كارەكانیان ئەنجام بدەن و هەرچی زۆرتر خزمەت بە خەڵكی شار و پاریزگای سلێمانی بكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كرا بە تایبەت لە ڕووی ئاو و كارەباوە و ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان.

دواتر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی كۆبوونەوەی لەگەڵ ستافی پارێزگای سلێمانی كرد و گوتی: "لەگەڵ پارێزگار باسی کێشەکانی سلێمانیمان کرد و بەشێوەیەکی گشتی ئەو کێشانەی کە تا ئێستا ماونەتەوە و هەروەها باسی ئەو پرۆژانەمان کرد کە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و سلفەیان پێبدرێت.
وتیشی: من و وەزیری دارایی پشتیوانی خۆمان بۆ پارێزگار دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەوکارانەی کە تا ئێستا کردویەتی و هەروەها دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی دەکەم کە لەوەتەی دەست بەکاربووە بە تیم لەگەڵ ستافەکەی کاردەکات و هیوادارم ئەو رۆحیەتی کارکردنە لەنێوانیاندا بمێنێ و هەموومان بتوانین بە تیم کاربکەین بۆئەوەی زیاتر خزمەتی ئەو وڵاتە بکەین".

Top