لە سەردەشت ٣٠ کەس دەستگیرکراون

 لە سەردەشت ٣٠ کەس دەستگیرکراون
لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ٣٠ کەس دەستگیرکراون، کە سێیان ژنن. سەرچاوەیەک لە سەردەشتەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەیانییە بنەماڵەی ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستگیرکراون لەبەردەم ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەردەشت کۆبوونەتەوە و داوای ئازادکردنی گیراوەکانیان کردووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە 9-5-2015 بەسەدان هاونیشتمانی شاری سەردەشت لە مەیدانی سەروچاوێ گردبوونەوەیەکیان سازکرد و بەرەو مەیدانی سەڵاحەدین ئەیوبی خۆپیشاندانیان سازدا. بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران رووبەڕوویان بوونەوە و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و ٣٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران، کە سیانیان ژنن و تائێستا لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سەردەشت دەستبەسەرن.

هاوکات ناوەندی بەرگری مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ،، رایگەیاند : لە شارەکانی سنە ، سەقز ، بۆکان و مەریوان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس و هێزی ئەمنی بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لە شاری مهابادیش بەبڕیاری ئیدارەی ئیتڵاعاتی شارەکە هێڵی ئینتەرنێت بڕاوە".

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لە هەریەک لە وڵاتانی نەرویج و سوێد خۆپیشاندانێک بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی مهاباد بەڕێوەبچێت و کوژرانی فەریناز خوسرەوانی کچە کوردی کارمەندی هۆتێل تارا ئیدانە بکرێت.

دوای رووداوی گیانلەدەستدانی کچە کارمەندی هۆتێلی تارا لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان ئەنجامدراوە.










روداو
Top