هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات بۆ تاووتوێكردنی كۆمه‌ڵێك پرس و بایه‌تی سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ك پێكهاته‌ی وه‌فده‌كه‌ش ئاشكرا ده‌كات.

فه‌خره‌دین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان،راگه‌یاند: بڕیاربوو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدانین و هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ش هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

راشیگه‌یاند: له‌ سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌دا نیازپاكی‌ هه‌رێم بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنی‌ نه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ فیدراڵ ده‌گه‌یه‌نینه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراقدا كۆده‌بینه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ری یاسایی و بابه‌تی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا ده‌كه‌ین، پێشتریش ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كردووه‌ و سه‌ردانه‌كه‌مان وه‌ڵامی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌بێت".

له‌باره‌ی پێكهاته‌ی وه‌فده‌كه‌وه‌ وتی: وه‌فده‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان پێكهاتووه‌".








خەندان
Top