کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەکی دیکە لەبارەی پێشمەرگەوە دەخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەکی دیکە لەبارەی پێشمەرگەوە دەخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە
کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەکی دیکە لەبارەی پێشمەرگەوە دەخاتە بەرنامەی کارەکانیەوەو جارێکی تر گفتوگۆی جدی لەوبارەیەوە دێتە پێشەوە، دوو سیناتۆریش کۆماریی و دیموکراتیش جەختدەکەنەوە لەسەر ھاوکاریکردنی ڕاستەوخۆی پێشمەرگە، لەوبارەیەشەوە نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان دەکەن.

لەمانگی ڕابردوودا، (ماک سۆربێر) ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیەکی پێشکەشکردو بەگوێرەی پڕۆژەکەش، بەپێویست زانراوە، ئەمریکا وەک دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ کورد‌و سوننە بکات و چەک و پێداویستی و کەرەستەی سەربازییان پێبدات.

لەلایەکی تریشەوە سیناتۆر (باربرا باکسەر) کە ئەندامی دیموکراتەکانەو نوێنەری ویلایەتی کالیفۆڕنیایە لەگەڵ سیناتۆرێکی تر بەناوی (جۆنی ئێرنست) ئەندامی کۆماریەکانەو نوێنەری ویلایەتی ئایوایە باس لەوەدەکات، پڕۆژەیەکیان پـێشکەش بەلیژنەی تایبەت بەپێدانی دەسەڵاتی خەرجی پارە بەحکومەت کردووە، کە تێیدا داواکراوە ڕاستەوخۆ ھێزی پێشـمەرگە پڕچەک بکرێت.

نوێنەری کۆماریەکان نامەیەکی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووەو نوسیویەتی:"لەکاتێکدا بەردەوامین لەشەڕی داعش، داواتان لێدەکەم پشتیوانی بکەن بۆ پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆی یارمەتی بۆ ھاوپەیمانێکی زۆر گرنگ لەم شەڕەدا کە ئەویش ھەرێمی کوردسـتانە".

نوێنەری کۆماریەکان ناوی ھاوڕێ دیموکراتەکەشی ھێناوە بەناوی سیناتۆر (باربرا باکسەر)و ڕایگەیاندوە، دەکرێت وەکو پرۆژەیەکی گشتگیریی ھەردوو بەرەی دیموکراتی و کۆماریی لێی بڕوانرێت و دواتریش دەسەڵات بدەنە سەرۆکی ئەمریکا بۆئەوەی ڕاستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە بنێرێت.

نامەکە جەختی لەوەشکردۆتەوە، ئەو پڕۆژەیەی ڕەوانەی کۆنگرێس کراوە، پشتی بەستووە بەپڕۆژە بڕیارێکی پێشتری کۆماریی و دیموکراتەکانی ئەمریکا کە لەلایەن (ئێد ڕۆیس)ی کۆماریی و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس و (ئێڵیەت ئەنگڵی) دیموکرات کە ئەندامی دێرینی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەیە لەکۆنگرێس.

لەناوەڕۆکی نامەکەدا ئێرنست ئەوەشی نوسیوە:"لەدوای شەڕی یەکەمی کەندا، کوردو ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان ھەبووە لەپشتیوانیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو عێراقێکی ئازاد، سەرباری ئەوەی توانایەکی سنورداریان ھەبووە، ئێستاش تاکە ھێزن لەعێراق کە توانیویانە خۆڕاگربن لەدژی داعش.
Top