سەرۆک بارزانی: گرەنتی پێدانی چەکمان لە ئیدارەی ئەمریکا وەرگرت
بارزانی لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا ناسراو بە (CFR) وتارێکی پێشکەشکرد. یەریڤان سەعید پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە ئامادەی وتارەکە بوو رایگەیاند، بارزانی باسی لەوەکردووە کە ئەمریکا گرەنتی داوە چەک بداتە هێزی پێشمەرگە و گوتوویەتی "ئەوە یەکەمجارە دڵنیابین لەوەی لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە چەکی پێویست دەگاتە دەست پێشمەرگە".
هەر لەو وتارەیدا بارزانی گلەیی لە حکومەتی بەغدا کرد، کە سەرەڕای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەساڵی 2007ەوە لەسەر هاوکاریکردنی سەربازی، "بەڵام لەو ساڵەوە هێشتا بەغدا فیشەکێکی بۆ نەناردووین". بارزانی گوتیشی: "دروستبوونی رێکخراوی داعش هەڵەی حکومەتەکانی پێشووە، کە ئێستا بووەتە خاوەنی باشترین چەک و تفاقی سەربازیی پێشکەوتوو". هەروەها گوتی "ئەگەر چەکی باشمان لەبەردەست بووایە ئەو هەموو شەهیدەمان نەدەبوو".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە دوایین رەوشی شەڕی داعش و پێشمەرگە کردو ئاماژەی بە پێشڕەوی پێشمەرگە و شکستی داعش کرد، گوتی "پێشمەرگە زیاتر لە 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە داعش پاککردووەتەوەو بە هاوکاریی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش 11 هەزار چەکداری داعش کوژراون".
بارزانی ئاماژەی بە شەڕی گرتنەوەی موسڵ کرد و سەبارەت بە بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو شەڕە گوتی "پێشمەرگە رۆڵی خۆی دەبێ لە موسڵ، بەڵام بیرمان ناچێ موسڵ بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بارزانی رایگەیاند، کە لەئێستادا پەیوەندییەکان باشن و هەردوولا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن. بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کە بەغدا هێشتا پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە، کە مانگی 12ی ساڵی رابردوو لەبواری وزە لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا و گوتی "بەغدا بەقەد ئەو هەناردەی نەوتەی هەرێمی کوردستان پارە نانێرێ".
بارزانی 3ی ئەم مانگە بە سەرۆکایەتی شاندێک بەرەو واشنتن بەڕێکەوت. رۆژی 5ی مانگ لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە. لەو وتارەشیدا جەختیکردەوە کە سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆشکی سپی بووە.
روداو
