مووچەو کێشەکانی کەمئەندامان چارەسەر دەکرێت
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی چاودێری و شیاندنەوەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان بۆردی یاسایی وەزارەت بەشداریان کردو مەبەستیش لە کۆبونەوەکە تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشەو داواکاریەکانی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان بوو بەتایبەتی پرسی زیادکردنی مووچەی کەمئەندامان و پێوەرەکانیان و بڕینی موچەکانیان و تەرخانکردن بۆ چاودێری کردنی کەمئەندام (بەخێوکەر).
محمد ھاودیانی, وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەرپرسیاریەتی یەکەم دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە باشکردنی بژێوی ژیانی کەمئەندامان و بەدەستھێنانی مافەکانیان و پێویستە ھەرچی زووە ئەم کێشانەیان چارەسەر بکەین و ئەنجومەنی چاودێری و شیاندنەوەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان تێبینی و سەرنجەکان بخاتەروو .
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە پێداچوونەوە بە یاساو رێنماییەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان کرد کە دەبێتە خزمەتێکی باش , ھەروەھا باسی لە ئەو لێژنانەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد کە تایبەتن بە پشکنینی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان .
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وتیشی: دەبێت چاکسازی لە رێژەی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان بکەین بۆ ئەوەی خاوەن پێداویستی راستەقینەمان بۆ دەرکەوێت و بتوانین خزمەتی شیاویان بکەین و لە ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنی موچەکانیان بخرێتە روو , لە ئێستاشدا وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی بە کارەکانی کردووە بۆ ئەم مەبەستە .
لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ١١٠٤٨٤ خاوەن پێداویستی تایبەت لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سودمەندن .
