وەزارەتی خوێندنی باڵا دان به زانکۆکانی حەدبا، نور، قەڵەم و کتاب نانێت
سەبارەت بەو ھەواڵەی کە لە چەند سایتێک بەپشت بەستن بەنووسراوێکی وەزارەتەکەمان لە ڕێککەوتی ٢/٩/٢٠١٣ دەرچووە و تایبەتە بە کۆلێژی زانکۆی نور، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەێنیت: "مامەڵەکردنی وەزارەتەکەمان لەگەڵ ئەو زانکۆیە ھەمان مامەڵە دەبێت لەگەڵ زانکۆکانی قەڵەم، حەدبا و کتاب و لە نووسراوەکەشماندا بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕوونمان کردۆتەوە."
عەباس ئەکرەم روونیشی کردەوە: وەک لەو نووسراوەی وەزارەتەکەماندا کە بەژمارە ٦٨٣١ لە ڕێککەوتی ٦/٤/٢٠١٥ دەرچووە، لە پێناو بەرزکردنەوەی کواڵیتی خوێندن وەزارەتەکەمان ھەنگاوی جدی ناوە بۆ چاکسازی لە زانکۆ تایبەتیەکانی ھەرێمی کوردستان تا بتوانن کادری ئاستبەرز و بەتوانا بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەن، بەڵام پاش ئەوەی ژمارەیەک زانکۆ لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە رەزامەندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرانەوە وەک کۆلێژە زانکۆییەکانی حدبا، نور، قەلەم، کتاب و...، تێبینی دەکرێت شێوازی دەوامکردن لەو زانکۆیانە بەگوێرەی پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەری وەرگرتن زۆر نزمترە بەراورد لەگەڵ پێوەری وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتیەکانی ھەرێمی کوردستان. بۆیە لەپێناو چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی خوێندن ئەو نووسراوەمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی بڕوانامە نەدرێت بەو کەسانەی کە لە دامودازگاکانی حکومەت دادەمەزرێن بە بڕوانامەی ئەو زانکۆیانەی ئاماژەمان بۆکردوون.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەڵێت: لە ڕاستیدا ئەو زانکۆیانە بوونەتە بەربەست لە چاکسازی لە زانکۆ تایبەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و وایانکردووە نەتوانین ھەنگاوی جدیتر بنێین لە پرۆسەی چاکسازی و بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن لە زانکۆ تایبەتییەکانی ھەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوەی ئەو کۆلێژە زانکۆییانە بە ھەمان شێوەی سیاسەتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، دان بە زانکۆ تایبەتییەکانی ھەرێمدا نانێن، ئێمەش ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا ناکەین و کارئاسانییان بۆ ناکەین و ھانی دەرچوانی ئامادەییەکانی ھەرێمیش نادەین لەو کۆلێژانە بخوێنن. ھەر بۆیە و وەک نووسراوەکەماندا ھاتووە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کردووە گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و دەزگا و دامەزراوە حکومییەکان بکات، کە ھەر خوێندکارێک لەو کۆلێژە زانکۆییانەی ئاماژەیان پێکردووە دەربچن، ئیمتیازاتی دەرچوان لە ھەرێمی کوردستانیان پێنەدرێت.
