كێشەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی 30 ساڵەی ئەوروپا دەچێت و دەبێت بە جیاكردنەوەی ئایین و دەوڵەت چارەسەر بێت

كێشەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕی 30 ساڵەی ئەوروپا دەچێت و دەبێت بە جیاكردنەوەی ئایین و دەوڵەت چارەسەر بێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جۆرج ئیمیل ئیرانی تایبەتمەند لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: هاوتەریبییەك هەیە لەگەڵ شەڕی سی ساڵەدا، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت كە دەرئەنجامی شەڕی سی ساڵە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی خاوەن سەروەری بوو. ئەمە دەستەواژە سەرەكییەكەیە «دەوڵەتی نەتەوەیی» بە مانای بوونی كۆمەڵە خەڵكێك كە زمان و كەلتور و داب و نەریتی هاوبەشیان هەیە، هەروەها دامەزراوەی هاوبەشیان وەك حكومەت و پەرلەمان و پۆلیس و سوپا هەیە، هەروەها سنوورەكان كە سەروەرییان هەیە، ئەمە زۆر گرنگە. ئەمە جیاوازیەك، جیاوازیەكی دیكە ئەوە بوو كە شەڕی سی ساڵە، شۆڕشی فەڕەنسی لە ساڵی 1789 و شۆڕشی پیشەسازی بەدوادا هات، بەڵام لە راستیدا ئەم دوو شۆڕشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویان نەداوە، لە بەشە عەرەبییەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە پەیوەندی بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانین ئاماژە بە ئێران بكەین، كە دەوڵەتێكی كۆنە و بۆ هەزار ساڵ و بگرە زیاتر پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و خاوەنی كەلتوور و سەرچاوەی سروشتییە وەك نەوت و.. تاد.

جۆرج ئیمیل هەروەها گوتی: كێشەگەلێك هەن كە دەبێت چارەسەر بكرێن لەم بەشەی جیهاندا و لە ناو خودی ئیسلام خۆیدا. یەكەمیان بریتییە لە كێشەی جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، ئەمە كێشەیەكی گەورەیە، كە لە عەرەبیدا دەوترێت: «الاسلام دین و دولة»، واتە پێكەوەن، هەروەها ئەمە لە یەهوودیەتیشدا هەیە، كە باس لە خاكی ئیسڕائیل و تەورات –كتێبی پیرۆز- و خەڵكی ئیسڕائیل دەكرێت، كە ئەمانە پێكەوەن. واتە دەوڵەتی جوولەكە، بەڵام سەركەوتوو بوون لەوەی تا راددەیەك جیاكردنەوەیان ئەنجام داوە، ئەمە كێشەی یەكەمە. كێشەی دووەم بریتییە لە مافی ئافرەتان و بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتان، ئەمە زۆر گرنگە لەم بەشەی جیهاندا و بەتایبەتی لە بەشە عەرەبییەكەیدا، ئەوەی پەیوەستە بە پێشكەوتنەوە، ئومێدەكە ئەوەیە ئافرەتان چالاكن و شەڕی مافەكانیان دەكەن و چیتر پێگەی ملكەچی قبووڵ ناكەن. دوایین كێشە بریتییە لە لێبوردەیی و یەكترقبووڵ كردن، كە ئەوەی هەیە خراپترین نموونەی نالێبوردەیی و یەكتر قبووڵنەكردنە.

شايانى باسه ئیمیل هەروەها گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشە عەرەبییەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاكە ناوچەی جوگرافی نییە كە دیكتاتۆریەت تێیدا حوكمڕان بووبێت. بەڵكو لە ئەمریكای لاتینیشیدا بوونی هەبووە، لە حەفتاكان و هەشتاكاندا لە چیلی و ئەرجەنتین. هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی دیكتاتۆرەكانی دەكرد، با ئەمەمان لە بیر نەچێت. ئەم وڵاتانەش كە بە حوكمڕانی دیكتاتۆریەتدا تێپەڕین هەلومەرجێكی پڕ ئازاریان بینی، نەك لە ئێستادا- لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە دیموكراسی بەهرەمەندن- چونكە ئەوان كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بەهێزیان هەبوو، كە ئەمە بوونی نییە لەم بەشەی جیهاندا. ئێرانیش خاوەنی كۆمەڵگەی مەدەنییە، مەبەستم لە رۆشنبیران و پزیشكان و كەسانی پڕۆفیشناڵە ئەمانە لە جیهانی عەرەبیشدا بوونیان هەیە، بەڵام رێكخراو و بەهێز نین، بەڵكو كپكراون لەلایەن رژێمە دیكتاتۆرییەكانەوە. دەبێت ئەمەمان لە بیر نەچێت. مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە ئایا دەوڵەت لەم بەشەی جیهاندا بە مانای چی دێت كە ململانێیەك هەیە لەم بەشەی جیهاندا لە نێوان پان عەرەبیزم و پان ئیسلامیزمدا؟ ناسیونالیزمی عەرەبی و دروستكردنی نەتەوەی عەرەبى.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1024)
Top