سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە واشنتن

سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە واشنتن
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەسەر بانگهێشتی کۆشکی سپی ئەمریکا گەیشتنە واشنتن.

شاندەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانکردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێكدێت .

بەپێی راگەیێندراوێی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە رۆژی شەممە 2ی ئایار بڵاوكرایەوە، بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپا كۆدەبنەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانیش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە دەبێت لەبارەی شەڕی داعش، هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە، ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش، ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا.

نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ئۆفیسی رووداو لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەیکردووە و پێیان راگەیاندووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 5ی ئایار چاویدەکەوێ بە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدن-ی جێگری و بەرپرسانی پێنتاگۆن و کۆنگرێس. سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا هەفتەیەك دەخایەنێت.

لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ دەرەوەی وڵات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی هەنگاریا و چیک دەکەن و سەردانەکەشیان لە دەرەوەی وڵات زیاتر لە 10 رۆژ دەخایەنێت.
Top