سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێكەوت
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكوومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە لەبارەی شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم سەردانەدا بەڕێزان مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و قوباد تالەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت یاوەری سەرۆك بارزانی دەبن.
