حکومەتی عێراق پێشنیازی پڕچەککردنی پێشمەرگە رەتدەکاتەوە

 حکومەتی عێراق پێشنیازی پڕچەککردنی پێشمەرگە رەتدەکاتەوە
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە حکومەتی عێراق ئەو پێشنیازەی پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە و هۆزەکانی سوننە لە عێراق جیا لە بەغدا، رەتدەکاتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "حکومەتی عێراق پێشوازی لە هەوڵی هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە پاڵپشتی عێراق دەکەن و هاوکاریی سەربازی پێشکەش دەکەن لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، لە هەمانکاتدا هەمووان دڵنیادەکەینەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئێستا و پێشتریش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەری عێراق روون بووە و ئەمەش بەشێکە لە باوەڕە نەگۆڕەکانی حکومەتی عێراق".

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا جەختدەکاتەوە، کە "هەر پڕچەککردنێک بە رێگەی حکومەتی عێراق و پلانە سەربازییەکانی نەبێت نابێ رووبدات، ئەو پرۆژە یاسایەی لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێشنیازکراوە رەتدەکەینەوە، چونکە دەبێتە مایەی پەرتەوازەبوونی زۆرتر لە ناوچەکە و داوادەکەین پەرەی پێنەدرێت".

هاوکات حیزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و یاسایەک دەرنەکات ببێتە هۆی دابەشبوونی عێراق.

لە راگەیێندراوەکەی حیزبی دەعوەی ئیسلامیدا هاتووە "بە وتارێکی تووندەوە روودەکەینە هەموو دامەزراوە و دەزگا نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەتایبەت و هەر پرۆژەیەک پێشکەشی دەکرێت و بۆنی دابەشکردنی عێراق و عێراقییەکانی لێدەکەوێتەوە بۆ چەند پێکهاتەیەکی دژبەیەک رەتدەکەینەوە، چونکە ئەوە پەرە بە ئاشووبی تایەفەگەری دەدات و ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێ و هەموو ناوچەکەش بەرەو کاولکاری و خاپوور بوون دەبات".

حیزبی دەعوەی ئیسلامی دەسەڵاتدار و خاوەنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق دەشڵێ "یەکێتی خاک و گەلی عێراق هێڵێکی سوورە و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین هەر کەسێک بێت دەستوەربدات و یاری بە کاروباری نێوخۆیی عێراق، چونکە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەنی سەروەری تەواو و حکومەتی یاساییە کە بڕیاری گونجاو دەدات بۆ بەرژەوەندی وڵات و کۆمەڵگە".

جێفری لۆری، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند: "ئەو پرۆژەیاسایەی کە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کراوە لەلایەن مارک سۆر بێری، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پشت بە هیچ یاسایەک نابەستێت و رەنگدانەوەی سیاسەت و هەڵوێستی واشنتن نییە بەرامبەر عێراق".

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەشڵێ "سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر عێراق نەگۆڕە، ئیدارەی ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراقێکی یەکگرتوو دەکات و سەرۆک ئۆباما تاکە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و هەموو هاوکاری و پاڵپشتی و پێداویستی سەربازی پێشکەشکراو لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە رادەستی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکرێت.

کۆمارییەکانی ئەمریکا پێش پێشنیازەکەی ٢٩ی نیسانی ٢٠١٥، لە مانگی ئاداردا پرۆژەیەکی دیکەیان پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو چەکانەی ئەمریکا لەرێگەی بەغداوە دەدرێن بە کورد دوادەکەون و کوردیش بۆ شەڕی داعش بەزووترین کات پێویستی بەو چەکانە دەبێت، بۆیە ئێستا پرۆژەیەکی دیکەیان پێشنیاز کردووە، کە داوا دەکات لەسەدا ٦٠ی ئەو پارەیەی ئەمریکا دابینی دەکات بدرێت بە کورد و سوننە و هێزی ئاسایشی نیشتیمانی، لەو بڕەش لەسەدا ٢٥ی راستەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بدرێت بە کورد و سوننە، بەبڕوای ئەوان ئەو پرۆژەیە وادەکات کاریگەری ئێران لەرێگەی شیعەکانەوە لە عێراقدا کەم ببێتەوە. کۆنگریس سوورە لەسەر گفتوگۆکردن و دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیە، هەرچەندە بڕیابوو ٢٩ی نیسان گفتوگۆی ئەو پرۆژەیە بکرێت، بەڵام ئەو گفتوگۆیە لەو رۆژەدا ئەنجامنەدرا و چاوەڕێدەکرێت لە نزیکترین کاتدا کۆنگرێس گفتوگۆی ئەو پرۆژە بڕیارە بکات.








رووداو
Top