ویست و ئیرادەی كورد بڕیاری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەدات نەك هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی

ویست و ئیرادەی كورد بڕیاری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەدات نەك هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئیسماعیل بێشكچی بۆ گوتى: كاتێك باس لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكرێت، هەموو گوێبیستی چەند وتەیەكی هەڵە دەبین و هەموو باس لەوە دەكەن، ئەمریكا دژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، هەروەها توركیا و ئێران و سوریا دژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانن، یان دەڵێن ئەوروپا دژە و پشتگیری ئەو دەوڵەتە ناكات، بە بڕوای من ئەمانە هەموویان پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان دوادەخەن و هەڵەن. ئەوەی پێویستە وەك خاڵی گرنگ و یەكلاكەرەوە لەم پرسە جەختی لەسەر بكرێتەوە ئیرادەی كوردە بۆ سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت، بۆ ئەمەش گرنگە كورد لەمیانەی پێوەندییە بەردەوامەكانی لەگەڵ ئەمریكا و توركیا و ئێران، پێداگیری لەسەر مافە ڕەوایەكانی خۆی بكات، لەبەر ئەوەی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان پرسێك نییە بەسترابێتەوە بەوەی ئەمریكا یان توركیا یان ئێران ئەمەی ناوێت، بەڵكو پرسی دەوڵەتی كوردستان خواستی كوردە و پێوەندی بە ویستی كوردەوە هەیە و دەبێت پێداگیری لەسەر ئەمە بكرێت.
هەروەها بێشكچی گوتی: بیركردنەوەی كورد و ئیرادەی كورد بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ پەكدەخات، ڕێگە دەگرێت لەوەی كورد هەنگاوی جددی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبگرێت، بۆیە خاڵی یەكلاكەرەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان پێداگیری و ویست و ئیرادەی كوردە بۆ ئەم پرسە، كە پێداگیری و ویست و ئیرادەیە هەبوو، هیچ مەرج و خاڵێكی دیكە گرنگ نابێت و باسی لێوە ناكرێت، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2011باشووری سۆدان ڕاپرسی كرد و جیابوونەوەی خۆی لە سۆدان ڕاگەیاند و بوو بە دەوڵەت، تەنانەت فەلەستینیش ستاتۆی دەوڵەتی چاودێری لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێدراوە و ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و پاش ماوەیەكی دیكە دەبێت بە دەوڵەت.
شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا ئیسماعیل گوتی: پرۆسەی دەوڵەتی كوردستاندا، ویست و ئیرادەی كورد خاڵی یەكلاكەرەوەیە، ئەمەش بە ئاشتی لەنێو ماڵی كورد دروست دەبێت، بۆیە پێویستە پێش هەر شتێك كورد هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ بونیادی ئاشتی لەماڵی كوردا بخاتە گەڕ، دوای ئەمە دیارە ئاشتی لەگەڵ دراوسێكانیش توركیا و سوریا گرنگە، بەڵام لە پێشدا دەبێت لەنێو ماڵی كورد ئاشتی بونیادنرابێت، لەبەر ئەوەی ئاشتی نێوخۆیی هێزێكی ئەوتۆ بە كورد دەدات كە دەتوانێت داهاتووی خۆی دیاری بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(985)
Top