پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی ئەركە قورسەكەی سەر شانی بارزانی یە و بەو دەپارێزرێت

پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی ئەركە قورسەكەی سەر شانی بارزانی یە و بەو دەپارێزرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان محەمەدی حاجی مەحمود فەرماندەی پێشمەرگە و سكرتێری حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان بۆ گوتى: لەم ناوچانەدا شتێك ڕوویداوە، كەسمان چاوەڕێی ئەوەمان نەكردووە بەو فراوانی و قووڵیە بێت، لەبەر ئەوە خۆمان بۆ ئامادە نەكردبوو. دراوسێیەكی نوێ كەوتە سەر سنووری كوردستان كە فرە هێزو فرە ناوە، ناوی داعش و بەرەی نەسڕەو نەقشبەندی و كۆنە بەعسیەكان و زۆر ناوی تریان هەیە، ئەمانە هەمووی سوننەن، پاش ئەوەی شكستیان بەو سوپاو هێزە چەكدارانەی عێراق هێنا لە ناوچەكەدا، ناوچەكانی كە سوپا بۆ پاراستنی دانرابوون چۆڵ كرابوون، هێزی پێشمەرگە ناچاربوو بەوەی بچێتە ناو ئەو شوێنانەو هەندێكی بە شەڕ لە داعش وەرگرتۆتەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەش بپارێزێت كە زۆربەی دانیشتووانی كوردن، یان پێشتر بە ناوچە كێشە لەسەرەكان ناسرابوون..

هەروها محەمەدی حاجی گوتی: جەنابی كاك مسعود سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئینجا لە هەر وڵاتێكدا لە دنیا كە شتێك ڕووبدات بە دڵنیایی پێویستە سەرۆكی ئەو وڵاتە سەردانی ئەو شوێنە بكات، ئیتر چ كارەساتی سروشتی وەك لافاوو بومەلەرزە بێت یان شەڕو كێشەی ناوخۆیی وڵات كە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵك و چارەنووسی وڵات هەبێت، كاتی سەردانكردنەكەی بەڕێزیان لە كاتی گونجاوی خۆیدا بوو، بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگەو دڵنیابوونەوەی خەڵكی كەركوك بەوەی لە دەستێكی ئەمیندایەو بۆ هەموو لایەكیشی سەلماندەوە كە كەركوك شارێكی كوردستانیەو پێویستە بە هەموومان بیپارێزین و بەڵام پێكهاتەی تریشی تێدایە، هاتنەكەی جەنابیان بایەخێكی گەورەی سەربازی و مانەوی و سیاسی و ڕاگەیاندكراویشی هەبوو، بۆیە هاتنەكە لە جێی خۆی بوو كاریگەریشی هەبوو.

شایانی باسە حاجی محمود گوتی: زۆربەی ئەو دێهاتانەی پێشتر لەبن دەستی سوپای عێراقیدا بوون، ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان، خەڵكەكەی دڵنیاكراونەتەوە كە هیچ كێشەیەكیان بۆ نابێت و ئێستا كەوتونەتەوە كاری ئاسایی ڕۆژانەی خۆیان، بە تایبەتیش ئەو دێهاتانەی كە عەرەبیان تێدایەو لە كەركوكیش هیچ كێشەیەك نییە، كاری تیرۆریستی و تەقینەوەكان كە جاران زۆر زۆر بوون ئێستا ناڵێم هیچ نەماوە، بەڵام زۆر كەم بۆتەوە، توركمانەكان و عەرەبەكان هەست بە ئەمانی زیاتر دەكەن، چونكە پێشمەرگە هەمووان وەك یەك دەپارێزن نەك تەنیا لایەنێكی دیاریكراو.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (985)
Top