پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 18 تاوانباری ڕاگەیاند

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 18 تاوانباری ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی 18 تاوانباری ڕاگەیاند كە لە هەولێر و دەوروبەری چەندین تاوانی وەك دزی و كوشتن و ساختەكردنیان ئەنجام داوە و بەپێی ماددەكانی یاسای سزادان قۆڵبەست كراون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێسكۆنفرانسێكدا ئاماری گرنگترین ئەو رووداو و تاوانانەی ڕاگەیاند كە لە ٤ مانگی رابردوودا لە هەولێر و دەوروبەریدا ڕوویان داوە.



لیوا عەبدولخالق، لە پرێسكۆنفرانسەكەدا گوتی: "لە چوار مانگی ڕابردوودا ١٠ تاوانی كوشتن و دزی و ساختەكردن لە هەولێر و دەوروبەری روویان داوە كە 18 تۆمەتبار بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەستگیر كراون و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".



بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە سەرەتای مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە رێژەی تاوان بە شێوەیەكی بەرچاو لە هەولێر كەمی كردووە، تیشكیشی خستە سەر كێشەی هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ناو شاری هەولێر كە بە گوتەی ئەو توانراوە زۆربەی كۆسپ و تەگەرەكان بنبڕ بكرێن و كۆنتڕۆڵی ڕەوشەكە بكرێت.



عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها دەستخۆشی لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش كرد كە ئەركەكانی خۆیان زۆر بە باشی ئەنجام دەدەن. سوپاسیشی ئاراستەی دانیشتووانی شاری هەولێر كرد كە هەردەم هاوكاری هێزەكانی ناوخۆن و هاریكارییەكەشیان جێی ڕێزە.
Top