داهاتی داعش زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە.. لە سنووری خورماتوو رۆژانە 60 تانكەر نەوت دەفرۆشێت

 داهاتی داعش زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە.. لە سنووری خورماتوو رۆژانە 60 تانكەر نەوت دەفرۆشێت
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، رۆژانە قاچاخچییەكانی سنووری شارۆچكەی خورماتوو نزیكەی 60 تانكەر نەوت لە داعش دەكڕن. دەشڵێت، نرخی هەر تانكەرێك بە 10 هەزار دۆلارە و لە رێگەی خورماتووەوە رەوانەی سنووری سلێمانی دەكرێت.

بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "ئەوەی ئێمە ئاگادارین لە پاڵاوتەی بێجی و سنووری تكریتەوە تا دەگاتە زنجیرەچیاكانی حەمرین، كۆمەڵێك بیری نەوتی لێیە و دوای ئەوەی ئەو ناوچانەیش كەوتنە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشەوە، بۆرییەكانیان شكاندووە و نەوتی رەشی لێ دەردەهێنن و بە تانكەر دەیفرۆشنە كۆمەڵێك قاچاخچیی سنوورەكە، كە كورد و عەرەبن و زۆرینەیشیان كوردن."

رائید (فارووق) گوتیشی: "هەر تانكەرێكی 36 هەزار لتری بە 10 هەزار دۆلار دەفرۆشن و ئەو تانكەرانەیش بە خورماتوودا دێن و بە رێگەی قادركەرەم - سلێمانیدا دەچنە سنووری پارێزگای سلێمانی."

بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە: "هیچ فەرمانێكمان پێ نییە رێگرییان لێ بكەین و چەندین جاریش ویستوومانە رێگریان بین، بەڵام لەلایەن ئیدارەی شارۆچكەكەوە ئاگادار كراینەوە كە رێگرییان لێ نەكەین."

هاوكات گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار دەگاتە دەست چەكدارانی داعش، چونكە 50 تا 60 تانكەر نەوت دەفرۆشن و هەر تانكەرێكیش بە 10 هەزار دۆلارە، ئەمەیش واتای بەهێزكردنی داعشە لە ڕووی ئەمنی و داراییەوە."
Top