سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان - باكوور دەكات
لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان - باكوور لە گوتەیەكدا دڵخۆشیی خۆی و ئەندامانی پارتییەكەی ڕاگەیاند بەهۆی ئەم هەنگاوانەی لە هەرێمی كوردستاندا بە ئاراستەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و مافی چارەنووسی گەلی كوردستان دەنرێن و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەك بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە باشوور بە مافە ڕەواكانی بگات و هیوایشی خواست كە ڕێبازی نەتەوەیی لە هەموو بەشەكانی كوردستان سەركەوتن بەدەست بهێنێت چونكە ئەم ڕێبازە ویستی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستانە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و چالاكییەكانی بۆ خواستن و ڕایگەیاند كە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە توركیادا كرانەوە و گۆڕانكاریی باش هاتووەتە ئاراوە و گەلی كوردیش لەم بەشەی كوردستاندا پێویستە سیاسەتێكی واقعبینانە و عەقلانی بگرێتە بەر و پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە بێت كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لەم بەشەی كوردستان دەكات. سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییە و مەسەلەی سەربەخۆیی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا لە ئەنجامی قەیرانەكان و پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵە هیچ بوارێك بۆ خەڵكی میانڕەو لەنێو شیعە و سووننەدا نەماوە و كێشەكان ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە و لە دە ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیەكمان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ عێراقدا بژیین بەڵام سەری نەگرت و هۆكارەكەیشی دەستەڵاتدارانی بەغدا و فەرهەنگی خۆسەپاندن بوو. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە بڕیاری سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك بڕیارێكە لە كات و شوێنی گونجاوی خۆیدایە و سەبارەت بە كەركووك و مافی پێكهاتەكانی دیكە سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتەكانی كەركووك دەگرین و كار بە ویستی ئەوان دەكەین و هەوڵیش دەدەین كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەكە و جیهاندا.
